نەپەگە: لە شەڕی گارە 15 گەریلا شەهیدبوون و 37 سەربازی تورکیاش کوژراون

17/02/2021
فۆتۆ: 
دهۆک

ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە)، ئاماری وردی شەڕی گارەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو شەڕەدا 15 گەریلا شەهیدبوون و 37 سەربازی تورکیاش کوژراون، هەروەک دوو گەریلاش لەلایەن تورکیاوە بەدیل گیراون.

فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پارستنی گەل (نەپەگە) لە راگەیەندراوێکی نوێدا بڵاویکردەوە، "هێرشی هێزەکانی دەوڵەتی تورکی پیلانگێڕ لە سەر گارە بەیانی ١٠ی شوبات دەستیپێکرد، چوار ڕۆژ بەردەوام بوو و ئێوارەی ١٣ی شوبات کۆتاییهات".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە، "ڕژیمی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە، کە تەنگاوبوو، بە  تەکنۆلۆژیای هەرەپیشکەوتووی سەربازی ویستی لە ڕێگەی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە ئەنجامی سیاسی مسۆگەربکات، هەربۆیە ئەو مەترسیەی دایە بەرخۆی و هێرشی بۆسەر گارە ئەنجامدا".

دەشڵێت، "سوپای تورک هەم بە بڵاوەکردنی هێز لە ناوچەکە ویستی بە شێوازێکی هەمیشەیی جێگیر ببێت، هەمیش ویستی دیلەکانی دەستی ئێمە وەربگرێتەوە، ئاشکرایە کە باش زانیبوویان کە ناتوانن بە ئاسانی بەدەستیان بخەن، بەڵام سەرەڕای ئەوە ئەو ئۆپەراسیۆنەیان دەستپێکرد" .

راشیگەیاندووە، "هێرشەکە بە هاوئاهەنگی و ئاگایی هێزەهەرێمییەکان و تاڕادەیەک بە پشتگیری ئەوان پلانی بۆداڕێژراوە، بەو شێوەیە ویستیان بەدڵنیاییەوە ئەنجام مسۆگەر بکەن . "

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی نەپەگەدا هاتووە، "لەو شەڕە ٤ ڕۆژەییەدا ٣٧ کوژراوی سوپای تورکیای داگیرکەر لەلایەن هێزەکانی ئێمەوە پشتڕاستکراوەتەوە، هەروەها بە دەیان برینداریان هەیە، بەڵام هەندێ لە هێزەکانی ئێمە پیش ئەوەی ڕاپۆرتی شەڕ بگەێننە دەستی ئێمە شەهید بوون، بۆیە ئەو ژمارەیە ژمارەی تەواوی کوژراوانی دوژمن نییە، کوژراوی دوژمن زۆر زیاترە بەڵام ئەو کوژراوانەی کە هیزەکانمان پشتراستیان کردووەتەوە بڵاو دەکەینەوە، هەروەها گەریلاکانی ئێمە ٢ هەلیکۆپتەری سکۆرسکی-یان کردە ئامانج، گورزیان بەرکەوت بەڵام پێش ئەوەی کە بکەونە خوارەوە لەهەرێمەکە دوور کەوتنەوە."

ناوەندی پاراستنی گەل دەشڵێت، "لەم شەڕەدا ٦ هەڤاڵی ئێمە لە ژێردەستی فەرماندە شۆڕشدا کە کامپی دیلەکانیان دەپاراست، دوای بەرخۆدانییەکی قارەمانانە شەهید بوون، ٥ هەڤالی تریشمان لە کاتی جیاواز لە هێرشی دوژمندا شەهید بوون، لە دەرەوەی ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکە کاتێک دوژمن پاشەکشێی دەکرد و هەڵدەهات، ٣ هەڤاڵی ئێمە و هەڤاڵێکی ترمان لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەدا شەهید بوون، لەم شەڕەدا بە گشتی ١٥ هەڤاڵی ئێمە بەقارەمانی شەهید بوون و ٢ کەسیش کەوتنە دەستی دوژمن، ناسنامەی هەڤاڵانی شەهید لە ڕۆژانی داهاتوودا بڵاودەکرێنەوە".

نەپەگە روونیشیکردووەتەوە، لەوشەڕەدا پۆلیس، سەرباز و ئەندامی میتی دەوڵەتی تورک کە دیل بوون کوژران، عادل کاباکل، ئایدین کۆسە، حسێن ساری، مەولوود قەهوەچی، محەمەد سالح کەنج، مووسلم ئاڵتینتاش، سەدات سوورگون، سەداد یابلاک، سەمیح ئوزبەی، سلێمان سونگوور، ئۆمید بجر و ڤەداد کایابوون، یەکێک لە هاولاتیانی خەڵکی دهۆک کەسیک بەناوی جوتیار موحسن کە ماوەیەکی کورت بوو گیرابوو لەو هێرشەدا کوژرا.