قوباد تاڵەبانی: حکومەتی هەرێم رێگەنادات ڕووداوی هاوشێوەی هێرشەکەی سەر هەولێر دووبارە ببێتەوە
هەولێر
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارامە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم زەمینەیەکی لەبارتر بۆ کۆمپانیا بیانییەکان دەرەخسێنن بۆ كاركردن، دەشڵێت، حکومەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات ڕووداوی هاوشێوەی هێرشەکەی چەند رۆژی رابردووی سەر هەولێر دووبارە ببێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ی٢ی٢٠٢١، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە بەغدا بەشێوەی ئۆنلاین بەشداریکرد لە دیداری ئەنجومەنی کاری فەڕەنسی – عێراقی و لە دیدارەکەدا، دڵنیایی دایە کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە فەڕەنسییەکان و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارام و سەقامگیرە و حکومەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات ڕووداوی هاوشێوەی هێرشەکەی چەند رۆژی رابردووی سەر هەولێر دووبارە ببێتەوە .
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بە هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێم دا و ڕایگەیاند، "لە ڕابردوودا کۆمەڵێک هەنگاوی گرنگی چاکسازی گیراونەتەبەر، لە ماوەی داهاتووشدا هەر لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی چاکسازیدا کۆمەڵێک چاکسازی لە یاسا کۆنەکانیدا دەکرێت، ئەمانەش هەموو هاندەر و یارمەتیدەرێکی بەهێز دەبن بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەر و کۆمپانیا بیانییەکان بۆ هەرێمی کوردستان" .
لە بەشێکی دیکەی سمینارەکەدا قوباد تاڵەبانی باسی لە ستراتیژی حکومەت بۆ جۆراوجۆرکردنی ئابوری هەرێم کرد، لەم چوارچێوەیەشدا بە گرنگییەوە ئاماژەی بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی کرد، کە کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی فەڕەنسی دەتوانن بە هاوکاری حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا ناوخۆییەکان رۆڵی گرنگ ببینن لە پەرەپێدانیان .
لە درێژەی باسەکەیدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، ئاماژەی بە دوا پەرەسەندنەکانی دانووستانەکانی نێوان هەرێم و بەغدای کرد و ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ توانای زیاتریان هەبێت بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەری بیانی پێویستیان بە ئارامی و سەقامگیری سیاسی هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا یارمەتیدەرێکی بەهێز دەبن بۆ دابینکردنی ئارامی و بەرقەراركردنی سەقامگیری لە هەموو عێراقدا.
|