لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە دهۆک: ئەوەی بەرامبەر زیندانیکراوانی بادینان کرا غەدرێکی گەورەبوو

18/02/2021
فۆتۆ: 
دهۆک

ئاراس محەمەد ئاغا ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی چواری دهۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بەیاوەری شاندێکی مەڵبەند، سەردانی ماڵی سەعيد بەرۆشکی کەسایەتی دیاری پارێزگای دهۆک و پێشمەرگەی دێرینی یەکێتیی و باوکی مەلا شڤان بەرۆشکی کرد.

ئاراس محەمەد ئاغا رایگەیاند، سەردانەکە بۆ دڵنەوایی بنەماڵەی شڤان بەرۆشکی بووە کە ماوەی چەندین مانگە لە زیندانە و سێ ڕۆژ پێش ئێستا، سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر خۆی و چوار هاوڕێی سەپێنرا.

وتیشی، لە دیدارەکەدا پاڵپشتی خۆمان و یەکیتیمان بۆ بنەماڵەی سەعيد بەرۆشکی دەربڕیوە و ڕامانگەیاندووە، ئەوەی بەرامبەر هەڤاڵ شڤان و هاوڕێکانی کرا، غەدرێکی گەورە بوو و یەکێتیی نێگەران کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەک پێشتر مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە چەند بەیاننامەی جیاجیادا ڕایانگەیاندووە کە ئەو سزادانە جێگای قبول کردن نیە، ئێمەش لەگەڵ رادەربرینی ئازاد دایین و پێمانوایە کە لەسەر کاری سیاسی نابێت، رۆژنامەنووس و چالاکوان زیندانی بکرێت.

دووپاتیشیکردەوە، ئەو بڕیارەی دادگای کەتنی هەولێر دوورە لە هەموو عورفێکی یاسایی و مافی مرۆڤ و کەیسی ئەو پێنج کەسە بە سیاسی کراوە، وتیشی، داوامان کردوە بۆ گەرانەوەی شکۆ بۆ ئەنجومەنی دادوەری، دەبێت پێداچوونەوە بە کەیسەکەیان بکرێت یاخود هەڵبوەشێتەوە.

لای خۆشیەوە، باوکی شڤان بەرۆشکی سوپاسی ئاراس محەمەد ئاغا ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی دھۆک و مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی کرد، لەپای پشتیوانیکردن لە کوڕەکەیان، هەروەک سوپاسی تایبەتی هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی کرد بۆ پشتگیری و پشتیوانی بەردەوامیان و وتی، ئەو بڕیارەی بەرامبەر شڤان و هاوڕێکانی دراوە، نادادپەروەرانەیە و نابێت قبوڵ بکرێت.