دادگای پێداچوونەوە بۆ دەستگیرکراوانی بادینان بڕیاری چی دەبێت؟

19/02/2021
فۆتۆ: 

ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان، هەڵوێستی خۆی لەبارەی سزادانی پێنج رۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان دەربڕی و رایگەیاند، پرۆسەی دادگاییکردنی ئەو پێنج کەسە لەسەر بنەمای دادگەریی بووە.

ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان دەڵێ، دوو رۆژە هه‌ندێ داموده‌زگای فه‌رمی و یاسایی و لایه‌نی سیاسی لێدوانی جیاجیا له‌سه‌ر پرۆسه‌ی دادگاییكردن و بڕیاری دادگا دەدەن، ئه‌مه‌ش ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروباری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌رییەوە، نه‌ده‌بوو ئه‌و لایه‌نه‌ فه‌رمیانه‌ پێشێلی بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان بكه‌ن.

بەڵام تەنیا 6 رۆژ پێش بڕیاری دادگای تاوانەکانی هەولێر بە سزادانی ئەو پێنج چالاکوان و رۆژنامەنووسەی بادینان، لە رۆژی 10ی شوبات، مەسرور بارزانی سەرۆکی حكومەتی هەرێمی کوردستان کە باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، قسەی  لەسەر کەیسەکە کرد و رایگەیاند، بەشێک لەوانەی دەستگیرکراون سیخوڕبوون و بەشێکێ دیکەیان تێکدەر.

بە بۆچوونی شارەزایانی یاسایی قسەکانی سەرۆکی حکومەت دەستێوەردانێکی ئاشکرابوو لە کەیسی دادگاییکردنی رۆژنامەنووس و چالاکوانەکانی بادینان، هاوکات پێشێلکردنی بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانیش بوو لە هەرێمی کوردستان، چونکە کەیسەکە لە قۆناغی دادگاییکردندابوو، تۆمەتباریش بێتاوانە تا ئەو کاتەی تۆمەتەکەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە.

ئەو قسانەی سەرۆکی حکومەت کاریگەریی لەسەر رێڕەوی دادگاییکردنەکە هەبوو و پارێزەر و بەشێک لە کەسوکاری سزادراوەکان دەڵێن، قسەکانی مەسرور بارزانی بەڵگەی ئەوەبوون کە ئەو کەسانە سزادەدرێن.

ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، هیوادارین هیچ جۆره‌ لێدوانێک لەسەر ئەو دۆسێیە نه‌درێت تاوه‌كو بڕیاری كۆتایی له‌لایه‌ن دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وە ده‌رده‌چێت، بەڵام بەشێک لە یاساناسان دەڵێن، پێناچێت دادگای پێداچوونەوەش بڕیارێک بدات کە پێچەوانەی قسەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بێت.

بەڵام دادگاییکردنی ئەو پێنج رۆژنامەنووسەی بادینان چۆن بەڕێوەچوو، تۆمەتەکانیان چی بوون، بەگوێرەی کامە یاسا و چ بڕگەیەکی یاسایی سزادراون؟

بە گوێرەی قسەی عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان کە ئامادەی دانیشتنی دادگابوو، ئەو تۆمەتانەی رووبەڕووی شێروان شێروانی کرابوونەوە بریتیبوون لە، داواکردنی زانیاری، وێنەگرتنی بارەگای ئەمنی، بەشداریکردن لە خۆپیشاندان، دروستکردنی گروپی چات،  پێدانی زانیاریی بە لایەنی دەرەکی، ئەندامبوون لە رێکخراوێک بە ناوی 17ی شوبات، جگە لەوەی شێروانی بەشێکی ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە دادگاش هیچ بەڵگەیەکی نەخستووەتەڕوو کە بیسەلمێنێت شێروان شێروانی ئەو کارانەی ئەنجامداوە.

دادگای تاوانەکانی هەولێر، بە گوێرەی ماددەی یەکەم لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەر ئەو پێنج چالاکوان و رۆژنامەنووسە دەرکردووە، ماددەکە دەڵێ،" هەر کەسێک بە دەستی ئەنقەست و بە هەر شێوەیەک لەکارێکدا تێوەبگلێت بە مەبەستی زیاندان لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و ببێتە هۆی کەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندکردنی هەتا هەتایی یان بە بەندکردنی کاتی سزا دەدرێت.

بە گوێرەی یاساکە دەبێ ئەو زیانەی لە ماددەی یەکی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003  باسکراوە روویدابێت ئەوکات سزای تۆمەتبارەکە دەدرێت بەڵام ئەو پێنج دەستگیرکراوە نەک هەر زیانیان بە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی هەرێمی کوردستان نەگەیاندووە بەڵکو تۆمەتی ئەوەشیان بەسەردا ساغ نەبووەتەوە کە هەوڵێ شتی لەو جۆرەیان دابێت.

سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا داوای جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 ی کاری رۆژنامەگەری بۆ هەموو رۆژنامەنووسانی پیشەیی دەکات و دەڵێت لەبەرامبەر ئەو ئاڵنگاری و تەحدیاتانەی ڕووبەڕووی هەرێم دەبێتەوە سەندیکا داوای ئازادکردنی ئەو هاوڵاتیانە دەکات.

بەڵام داواکاری گشتی چەند جارێک لە کاتی پرۆسەی دادگاییکردنەکە بە شێروان شێروانی گوتووە تۆ ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسان نیت چۆن کاری رۆژنامەنووسی دەکەیت، لەکاتێکدا لە یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 ی تایبەت بە کاری رۆژنامەگەریی هیچ بڕگەیەک باسی ئەوەی نەکردووە کە ئەو کەسەی ئەندامی سەندیکا نەبێت بۆی نییە کاری رۆژنامەگەریی بکات.

لەوەڵامی ئەو قسەیەی داواکاری گشتیدا شێروان وتوویەتی، ئەو گۆڤارەی من سەرنوسەری بوم مۆڵەتی هەبووە.

لە ماددەی یەکەمی یاسای رۆژنامەگەریدا بەم جۆرە پێناسەی رۆژنامەنووس کراوە، رۆژنامەنووس هەر کەسێکە کە لە بواری رۆژنەماگەرییدا لە هەر کەناڵێکی راگەیاندندا کار دەکات، واتا ئاماژە بەوە نەکراوە کە ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسان بێت، بۆیە دەبوو بە گوێرەی یاسای گەری ئەو کەسانە دادگایی بکرانایە.

بە گوێرەی یاسای رۆژنامەگەریی ئەگەر تۆمەتبار ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی بسەلمێندرێت، بە بڕێک پارە غەرامە دەکرێت، واتا لە یاسای رۆژنامەگەریدا سزای زیندانیکردن نییە.

هاوکات لە یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی کوردستان سزای رێکخەرانی خۆپیشاندانی بەبێ مۆڵەت بەندکردنە بەجۆرێک لە مانگێک زیاتر نەبێت، یاخود بە بڕێک پارە سزا دەدرێت کە لە 50 هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە 500 هەزار دینار زیاتر نەبێت.