قوباد تاڵەبانی: كەیسی گیراوانی بادینان گومانی لای هاوڵاتیان دروستكردووە‌

19/02/2021
فۆتۆ: 

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند كەیسی سزادانی دەستگیركراوانی بادینان گومانی لای هاوڵاتیان دروستكردووە‌ ئەوەش دە‌بێتە‌‌ مایە‌ی لە‌كە‌داركردنی ناو و ناوبانگی هە‌رێمی كوردستان

قوباد تاڵەبانی، لەبارەی كەیسی سزادانی پێنج كەس لە دەستگیركراوانی بادینان بە كەناڵی گەلی كوردستانی زمانحاڵی یەكێتی رایگەیاند: ئە‌و بابەتە پرسێكی‌ یاساییە‌، بە‌ڵام بە‌شێوە‌یە‌كی گشتی گومانی لای هاوڵاتیان دروستكردووە‌. 

جێگری سەرۆكی حكومەت وتیشی: ئەو گومانەی لەلای هاوڵاتیان دروستبووە لەبارەی ئەو كەیسەوە دە‌بێتە‌‌ مایە‌ی لە‌كە‌داركردنی ناو و ناوبانگی ھە‌رێمی كوردستان، بۆیە‌ داواكارم؛ داواكاری گشتی رۆڵی خۆی بگێڕێت و لە‌دادگای تە‌مییزیشدا بڕیاری دروست‌ بدرێت كە‌ تێیدا سە‌روە‌ری یاسا و ئازادی و دیموكراسی پارێزراو بێت.

رۆژی 16ی شوبات دادگای تاوانەكانی هەولێر بڕیاریدا هەریەكە لە ئەیاز كەرەم، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا، شڤان بەرۆشكی وشێروان شێروانی، بۆ ماوەی شەش ساڵ زیندانی بكرێن، بەڵام بڕیارەكەی دادگا ناڕەزایی خەڵك و لایەنەكانی لێكەوتەوە. 

لە ئێستادا دۆسیەكە چاوەڕوان دەكرێت ببرێتە دادگای پێداچوونەوە و لەوێ بڕیاری كۆتایی لەبارەوە بدرێت، بەهۆیەشەوە ئەنجوومەنی دادوەری بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە تیایدا رایگەیاندبوو كە دادگاییەكە بەشێوەیەكی شەفاف بەڕێوە چووە.