کەسوکاری گیراوان: دەسەڵات هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی دانپێدانانی کوڕەکانمان دەکات
کەسوکاری گیراوانی بادینان بەیاننامەیەکیان بۆ ڕایگشتی بڵاوکردەوە و دەڵێن دەسەڵات بە ڕێگای ناڕاستەخۆ هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی دانپێدانانی زیندانیکراوەکان دەکات.
لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەیان بەوەشکردوە بۆ رای گشتی و ناوەندە جیهانیەکان رادەگەیێنین دروستکردنی ڤیدیو لە ژێر هەرەشە و ئەشکەنجەدان کارێکی نایاسایی و نا ئەخلاقیە و ئەم کارە رەتدکەین و هیچ دانپێدانانێک لەژێر ئەشکەنجە یاسایی و حەقیقی نیە.
کەسوکاری گیراوانی بادینان ڕاشیانگەیاندوە بەم کارە ئێمە و خەڵک زیاتر توڕە دەکەن و ئازار ئەدەن و سومعەی خۆیان و هەرێمەکەمان ناشیرینتر دەکەن.
دەشڵێن رێگاچارە ئازادکردنی زیندانیان و ئاشتەوایی یە نەک ترس و تەحدا لەگەڵ کەسانی مەدەنی و مافخواز.
داواشیان لە نەتەوە یەکگرتوەکان، رێکخراو و ناوەندە جیهانیەکانی مافی مرۆڤ، کونسوڵ، باڵیۆزخانەی وڵاتان لە هەرێم و بەغداد، پەرلەمانی کوردستان و عێراق کردوە چاودێری پرۆسەکە بکەن و هاوکاربن .
هاوکات تکایان لە دادگای پێداچونەوە(تەمیز)ی کوردستان کردوە بە ئازادکردنی کەسوکارەکانیان سەربەخۆی خۆی بسلەمێنێ.
کەسوکاری گیراوانی بادینان داواشیان لە حکومەتی هەرێم کردوە واز لە فشارخستە سەر دەسەڵاتی دادوەری بهێنێت و بە نیشتیمانی مامەڵە بکات و گیراوەکانی تری وەک بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی و سلێمان کەمال وئەوانەی دیکە ئازادبکات.
ئەوە لەکاتێکدایە رۆژی 16 ی ئەم مانگە دادگای هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر پێنج لە رۆژنامەنوس و چالاکانی مەدەنی بادیناندا سەپاند و بڕیارەکە تا دێت کاردانەوەی زیاتری لێدەکەوێتەوە.
|