دژی سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنین لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە

21/02/2021
فۆتۆ: 

سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە عێراق رایگەیاند، بە تەواوەتی دژی سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنی عێراقن لە لایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە، دەشڵیت "ئاساییە چاودێری بكەن".

نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئێمە دژی چاودێریكردنی هەڵبژاردن نین لە لایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە، بەڵام بە تەواوەتی دژی سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنین لە لایەن ئەوانەوە". 

ئەو سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنی لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە بە دەستوەردان لە هەموو وردەكارییەكانی هەڵبژاردن و پێشێلكردنی سەروەریی عێراق زانی وتیشی: ئەگەر هەڵبژاردن بەم دۆخەی ئێستاوە بكرێت، ئەوا دەگەینە بنبەستێكی گەورە. 

 مالیكی ئاماژەی بەوەشكرد هەرچەندە ئەوان دەتوانن بەم یاسایەی ئێستای هەڵبژاردن زیاتر لە 25 كورسی بەرنەوە، هۆشداریش دەدات لەوەی كە "ئەو یاسایە پەرلەمانێك بەرهەم دەهێنێت كە یەكگرتوو نابێت".

 هەرچەندە پێشتر بڕیاربوو هەڵبژاردن لە 6ی حوزەیرانی ئەم ساڵ ئەنجام بدرێت بەڵام  هەڵبژاردنەكە بەهۆی ئامادەكاریەكانەوە دواخرا بۆ مانگی تشرینی یەكەم  و بە شێوەی فرە بازنەیی هەڵبژاردنەكە ئەنجام دەدرێت.