ئێران هەموو سنورەکانی خۆی لەگەڵ عێراق داخست

21/02/2021
فۆتۆ: 

عەبدولڕەزا رەحمانی فەزڵی وەزیری ناوخۆیی ئێران ڕایگەیاند، لە پێناو کۆنترۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە پارێزگای خوزستانی خۆرئاوای وڵات، سەرجەم دەروازە سنورییەکانیان لەگەڵ عێراقدا داخست.

ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لە زاری ڕەحمانی فەزڵییەوە بڵاویکردەوە، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لیژنەی نیشتیمانی بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، گرنگترین بابەت کە باسکراوە، دۆخی تەندروستی پارێزگای خوزستان بووە، بەو هۆیەشەوە بڕیار درا بە داخستنی سنورە هاوبەشەکان لەگەڵ عێراقدا.

وەزیری ناوخۆیی ئێران جەختیکردەوە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە بە دابینکردنی ئەو ڤاکسینانەی کە لە وڵاتانی جیاواز کڕدراون، بۆ ئەوەی بە پەلە دابەشبکرێت و بەگوێرەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی ئەو کەسانەی پێ بکوترێت کە بڕیار لەبارەیانەوە دراوە.

لە کۆتایی وتەکانیدا وەزیری ناوخۆیی ئێران داوای لەسەرجەم دامودەزگا حکومییەکان کرد، پابەندبن بە هاریکاری و هەماهەنگی لە پێناو کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا.