ئەمریکا.. لە ویلایەتێکی دەوڵەمەند بە نەوت 70 کەس لەسەرمادا ڕەقبوونەوە

21/02/2021
فۆتۆ: 

لەگەڵ پاککردنەوەی شەقامەکانی ویلایەتی تەکساس لە و بەفر و سەهۆڵبەندانەی کە ڕووی لە ناوچەکە کرد، تەرمی چەندین کەس لەژێر بەفر و لە ماڵەکانی خۆیاندا دۆزرانەوە کە هۆی سەرمایەوە لاشەیان بەشتوویەتی و گیانیان لەدەستداوە.

ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس بڵاویکردەوە، ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، نەیانتوانیووە هیچ ئامێرێکی گەرمکردنەوە بۆخۆیان دابین بکەن، دوای ئەوەی بەهۆی کەشوهەواو بەفراوییەوە تەزووی کارە لە دەیان ملیۆن ماڵی ویلایەتە پچڕاوە.

ئاژانسەکە ئاشکرایکردووە، لە ویلایەتی تەکساسی دەوڵەمەند بە نەوت، ٧٠ حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی سەرماوە تۆمار کراوە، ١٠ کەسیش بەهۆی نەبوونی هیچ ئامێرێکی گەرمکردنەوە لەسەر جێگای نوستنەکەیان گیانیان دەرچووە.

ئەوەی زیاتر بووەتە شۆک بۆ دانیشتوانی ناوچەکە گیانلەدەستدانی منداڵێکی کوڕی تەمەن ١١ ساڵە لەسەر جێگەی خەوتنەکەی لە شاری هیوستنی ویلایەتی تەکساس.

لێپرسراوانی ناوچەکە ئاماژە بەوە دەکەن، بە دەیان پەیوەندیان پێگەیشتووە، کە داوای یاریمەتی دەکەن، کە بەهۆی سەرماوە هاوڕێکانیان یان ئەندامانی خێزانەکانیان گیان لە مەترسیدایە.

پسپۆڕانی تەندروستی ئاماژە بەوە دەکەن، بەهۆی سەرمابوونەوە تەندروستی مرۆڤ هەرس دەهێنێت تا گیانلەدەستدان، ئەگەر بێت و پلەی گەرمای لەشی بەشێوەیەکی کتوپڕ ڕوو لە دابەزین بکات، بە تایبەت ئەگەر پلەی گەرمی ئاسایی لاشە کە ٣٥ پلەی سلیزییە و زۆر بێتە خوارەوە.

هەفتەی ڕابردوو بەهۆی ئەو گەردەلوولە بەفراویەی کە ویلایەتی تەکساسی ئەمریکای گرتەوە، بووە هۆی پچڕانی تەزووی کارەبا لە ملیۆنان هاوڵاتی، کە بەهۆیەوە  ئاوی خواردنەوە بەستی و ئەوەش ژیانی هەزاران خەڵکی خستە بەر مەترسی گیانلەدەستدانەوە.

دواتریش جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا،  دۆخی ویلایەتی تەکساسی وەک ناوچەیەکی کارەستبار ناساند، کە ڕێگە دەدات بە سەرۆک کۆمەکی بە پەلە بۆ لێقەوماوانی ویلایەتەکە دابین بکات.