لەشفرۆشەکانی هەولێر لە کوێن؟

21/02/2021
فۆتۆ: 

تەنیا لە ماوەی 2 هەفتەی رابردوودا، پۆلیسی هەلێر دوو باندی گەورەی لەشفرۆشی لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە دەوروبەری هەولێر دەستگیرکردووە.

باندی یەکەم حەوت کەس بوون و کاری لەشفرۆشییان بەو کچ و ژنانە کردووە كە لە شارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە هاتبوونە هەولێر. باندی دووەمیش 8 ئافرەت و 3 پیاو بوون کاری لەشفرۆشیان کردووە.

باندەکانی لەشفرۆشی کێن و لە کوێوە دێن؟
پۆلیسی هەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو باندانەی دەستگیرکراون خەڵکی هەولێر و شارەکانی هەرێمی کوردستان نین، لەدەرەوە هاتوون.

بەپێی بەدواداچوونەکان ئەو کەسانەی لە هەولێر لەشفرۆشی دەکەن لە ئێران و باشوور و ناوەڕستی عێراق و سوریا و چەند وڵاتێکی دیکەوە بەناوی گەشتیاری و کارکردنەوە دێنە هەرێمی کوردستان هەر بەشێکیان بەشێوەیەک مشتەری بۆخۆیان پەیدا دەکەن.

ئەو کەسانە بەشێکیان لە رێگەی کۆمپانیاکانەوە بەناوی کارکردن لە مەساج و ئۆتێل و باڕەکانەوە دێن و بەشێکی دیکەیان خۆیان بەشێوەیەکی سەربەخۆ دێن.

لە چ شوێنێکی هەولێر لەشفرۆشی دەکەن؟
لەبەرئەوەی خەڵکی هەولێر زۆربەیان پارێزکارن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان زۆربەهێزە، رێگە بە هەبوونی لەشفرۆشی لەناو گەڕەکەکان نادەن، هیچ باندێک ناتوانێت لەناو گەڕەکەکان ئەو کارە بکات،  لەشفرۆشەکان ناچارن رووبکەنە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە دەوروبەری شار.

زۆربەی ئامارە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن بەشێکی زۆری یەکەکانی نیشتەجێبوون بەتایبەت شوقەکان لەلایەن خەڵکی باشوور و ناوەڕاستی عێراق و خەڵکی سوریا و چەند ناوچەیەکی دیکەوە دەکڕدرێن و دواتر دەدرێنەوە بەکرێ، خەڵکی هەولێر زۆر بەکەمی روو لەو پرۆژانە دەکەن،  لەبەرئەوەی گرانن و ناوبانگی هەندێکیان بە خراپ رۆشتووە، خەڵکی جۆراو جۆریان تێدا نیشتەجێبووە، وەک دەوترێت کەس کاری بەسەر کەسی دیکەوە نییە، ئەوەش کارئاسانی بۆ ئەو کەسانە دەکات کە کاری لەشفرۆشی دەکەن و کەمترین چاودێرییان لەسەرە.

پرۆژەکانی نیشتەجێبوونیش بۆ ئەوەی کڕیار و کرێچییان زۆربێت دەست بە رووی هیچ کەسێکەوە نانێن، لەبەر ئەوەی باندەکان زۆر بە نهێنی کار دەکەن بوونەتە کێشە بۆ پۆلیس و ئاسایشی هەولێریش.

مەترسی باندەکانی لەشفرۆشی چییە؟
پزیشکان و توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن سەرەڕای تێکدانی شیرازەی خێزان و لایەنی ئایینی کاریگەری خراپی زۆربوونی باندەکانی لەشفرۆشی لە رووی تەندروستییەوە دەردەکەوێت.

پزیشکان ئاماژە بەوە دەکەن، مەترسی بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی گواستراوە لە ڕووی سێكسەوە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە تاوەکو ئێستا چەندین حاڵەتی نەخۆشی كوشندەی وەك ئایدز و هەوكردنی جگە لە جۆری (بی و سی) تۆماركراون کە لەڕێی سێکسەوە گواستراونەتەوە، توشبووەكانیش بەشێكیان دانیشتووی هەرێمی كوردستان بوون.

بۆیە باشترین چارەسەر بۆ دورکەوتنەوە لە نەخۆشییە گواستراوەکان، دوورکەوتنەوەیە لە شوێنەکانی لەشفرۆشی.

بەپێی یاسای ژمارە ژمارە ٨ی ساڵی ١٩٨٨ی هەموارکراو، یاسای نەهێشتنی لەشفرۆشی عێراقی، کە لە کوردستانیش بەرکارە، لەشفرۆشی و دەڵاڵی بۆ ئەو کارە قەدەغەن و سزایان هەیە.

بەپێی یاساکە ئەو کەسەی سەلمێندرا لەشفرۆشی دەکات، سزا دەدرێت بە دانانی لە یەکێک لە خانەکانی چاکسازی کە ئامادەکراوە بۆ ئاراستەکردن و شیاندنی ئافرەتان بۆ ماوەیەک کەمتر نەبێت لە سێ مانگ و زیاتر نەبێت لە دوو ساڵ.

هەر بەپێی یاساکە هەرکەسێک بەشدار بێت بۆ رێگەخۆشکردن و هاوکاریکردنی لەشفرۆشی و کردنەوەی شوێن بۆ ئەوە کارە سزا دەدرێت بە بەندکردن لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت.

لەبەرئەوەی بەپێی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، لەشفرۆشی رێگەپێدراو نییە، ئەگەر داواکاریش هەبێت بۆ كردنەوەی شوێنی لەشفرۆشی بە رەچاوکردنی رێنمایی تەندروستی بەڵام لەلایەن بەشی خۆپاراستنی تەندروستی مۆڵەتی پێ نادرێت. بۆیە باندەكانی لەشفرۆشی دوور لە مەرجەكانی تەندروستی بەنهێنی و فێڵکردن كاری خۆیان دەكەن یاخود بۆ نموونە لەژێر ناوی یانەی شەوانە و کافتریاکان ئەو کارە دەکەن.