ئێران ئامادەیی دەربڕی بۆ هاوکاریکردن لە راگرتنی جەنگی یەمەن

21/02/2021
محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران
فۆتۆ: فۆتۆ : ئەرشیف

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرایکرد، تاران نوینەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە یەمەن ئاگادار کردووەتەوە و ئامادەباشی ڕاگەیاندووە بۆ هاوکاریکردن لەڕاگرتنی جەنگی یەمەن.

ڕوسیا تودەی لەزاری وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، تا ئێستا هیچ پێشنیازێکیان پێ نەگەیشتووەتە سەبارەت بە راگرتنی کۆمەکی تاران بۆ حوسییەکان، لە بەرامبەر ڕاگرتنی پشتیوانی واشنۆتن لە ئۆپراسیۆنەکانی هاوپەیمانی عەرەبی لە یەمەن.

محەمەد جەواد زەریف ئاماژەی بەوەشکرد، سعودیە و هاوپەیمانەکانی بە هیچ شێوەیەک سەرناکەون بەسەر گەلی یەمەندا، بۆیە پێویستە لەسەر ڕیاز کۆتایی بە جەنگەکەی بهێنێت لە یەمەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران نایەوێت کۆنترۆڵی ناوچەکە بکات، بەڵکو دەیەوێت پەیوەندییەکی باشی هەبێت لەگەڵ هاوسێ عەرەبەکانی.

سەبارەت بە ڕێککەوتنەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی، وەزیری دەرەوەی ئێران پێی وایە، دەوڵەتانی ناوچەکە بە هەڵەدا چوون، ئەگەر لەو بڕوایەبن کە ئیسرائیل ناتوانێت ئاسایشی خۆی بپارێزێت.

لە کۆتایی وتەکانیدا زەریف ڕایگەیاند، بەو دەوڵەتانەی کە رێککەوتنیتن لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ئیمزا کردووە، پێیان دەڵێین ناتەنیاهۆ ناتوانێت ڕێگە لەوە بگرێت کە زیندانی نەکرێت، ئێستا چۆن دەتوانێت ئاسایشی ئێمە بپارێزێت.