ئەو کوردەی دەوترێت چووەتەسەر مەریخ روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

21/02/2021
فۆتۆ: 
واشنتن

دکتۆر کامران قادری ئەوە دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن ناوبراو چووەتەسەر مەریخ و دەڵێت، تەنها وێنەیەکی لەگەڵ ئەو رۆبۆتە گەڕۆکەدا گرتووە کە چەند رۆژ پێش ئێستا لە هەسارەی مەریخ نیشتەوە.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان، د. کامران قادری رایگەیاند، ئۆکتوبەری ٢٠١٩ لەڕێی ئەندازیارێکی هاوڕێی و لەگەشتێکی زانستیدا چووەتە ئاژانسی ئاسمانیی ناسا و وێنەیەکی لەگەڵ ئەو رۆبۆتە گەڕۆکەدا گرتووە کە رەوانەی هەسارەی مەریخ کراوە.

ئەم لێدوانەی کامران قادری پاش ئەو دێت، لە هەندێک لە میدیاکان وابڵاوبووەوە، ناوبراو یەکێکە لە ئەندامانی تیمی ئاژانسی ئاسمانیی ناسا کە رەوانەی مەریخ کراون.

د. کامران قادری خەڵکی شاری بانەی سەر بە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستانە، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە بواری ئەندازیاری کارەبا و رووناکی و لە ئێستادا لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی، کۆمپانیایەکیان بەناوی Pacific Light & Hologram  دامەزراندووە.

پێنجشەممەی رابردوو ١٨ی٢ی٢٠٢١، بۆ جاری چوارەم ئاژانسی ئاسمانیی ناسا سەرکەوتوو بوو لەوەی رۆبۆتێکی گەڕۆک لەسەر هەسارەی مەریخ بنیشێنێتەوە.

کەشتیی ئاسمانیی "مەریخ 2020" پێکهاتووە لە رۆبۆتێکی گەڕۆک بە ناوی پێرسێڤێرانس و هەلیکۆپتەرێک بۆ کاتی نیشتنەوەی گەڕۆکەکە. ئەو رۆبۆتە لە 30 تەممووزی 2020 بەڕێکەوتووە، دوای نزیکەی حەوت مانگ و بڕینی نزیکەی 470 ملیۆن کیلۆمەتر، کەشتی ئاسمانیی پێرسەڤێرانس لەسەر هەسارەی مەریخ نیشتەوە، خەرجی گەشتەکە نزیکەی دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلار بووە.