هەدەپە: وەزیری ناوخۆ لە ڕێی هەدەپەوە شەڕی ئەردۆغان دەكات

22/02/2021
فۆتۆ: 

پارتی دیموكراتی گەلان وەڵامی وەزیری ناوخۆی توركیا دەداتەوە و دەڵێت هەر سەردانێك بۆ قەندیل كرابێت بە ئاگاداری حكومەتی توركیا بووە و هەموو جارێك ئەردۆغان لەو سەردانانە ئاگادار كراوەتەوە، دەشڵێَت وەزیری ناوخۆ لە رێی هەدەپەوە شەڕی ئەردۆغان دەكات.

پارتی دیموكراتی گەلان وەڵامی وەزیری ناوخۆی توركیا دەداتەوە و دەڵێت هەر سەردانێك بۆ قەندیل كرابێت بە ئاگاداری حكومەتی توركیا بووە و هەموو جارێك ئەردۆغان لەو سەردانانە ئاگادار كراوەتەوە، دەشڵێَت وەزیری ناوخۆ لە رێی هەدەپەوە شەڕی ئەردۆغان دەكات. 

 لە وەڵامی سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی توركیا كە لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا هێرشی كردبووە سەر هەدەپە ئەو پارتە بە راگەیەندراوێكی نوسراو وەڵامی دایەوە و هێرشی توندی كردە سەر كەناڵەكە وتی: خەڵكی توركیا شایستەی پرۆگرامی وەها ئاست نزم نین. ئەو پرۆگرامە كە پڕبوو لە درۆ و تۆمەت هەڵبەستن، بە شەرمەزارییەوە دەچێتە مێژووەوە. 

هەدەپە ئاماژەی بەوە كردووە وەزیری ناوخۆ لەو پڕۆگرامەی كەناڵەكەدا بە رەقێكی زۆرەوە هێرشی كردووەتە سەریان و دەشڵێت ئەو وێنانەی لە كەناڵەوە پیشانی بینەران دران بە ئامانج بووە بۆ وروژاندنی هەستی خەڵك دژی پارتەكەمان كراوە. 

لەبارەی ئەو وێنانەی سەركردەكانی هەدەپە لەگەڵ سەركردەكانی پەكەكە كە بڵاوكراونەتەوە دەڵێت "پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكمان و ئەو پەرلەمانتارانەمان بە مەبەستی گەیاندنی نامەی ئیمرالی و دەسەڵات بۆ قەندیل چوونەتە ئەوێ". 

ئەوەشی وتووە "لە تەواوی ماوەی پرۆسەی چارەسەری بێ زانیاریی حكومەت، یەك سەردانیش بۆ قەندیل ئەنجام نەدراوە. لە هەموو سەردانێكیشدا لایەنی حكومەت راپۆرتی تایبەتیان داوەتە ئەردۆغان". 

 هەدەپە ئامانجی وەزیری ناوخۆ لەو قسانەی رووندەكاتەوە و دەڵێت "ئێستا سۆیلو ئەو سەردانانە لە خانەی گوناهەكانی ئەردۆغان دەنووسێت. ئەو لەڕێی هەدەپەوە شەڕی دەسەڵات لەگەڵ ئەردۆغان دەكات". 

 پارتی دیموكراتی گەلان راشیگەیاندووە پرۆسەی چارەسەری قۆناغێك بوو تیایدا فرمێسك و خوێن نەڕژا هەر بۆیە پێویستە خاوەنداری لێبكرێت و هەوڵبدرێت جارێكی دیكە دەستپێبكاتەوە. 

هەر لەو بەرنامەیەدا وەزیری ناوخۆ پەرلەمانتارێكی هەدەپەی تۆمەتبار كرد بەوەی كە سەردانی چیای گارەی كردووە و لەگەڵ سەركردەكانی پەكەكە كۆبووەتەوە، دوای ئەوەش داواكاری گشتی سكاڵای لەسەر ئەو پەرلەمانتارە تۆماركرد.