لەبارەی موچەوە عێراق وەڵامی کۆتایی هەرێم دەداتەوە

22/02/2021
فۆتۆ: 

زۆربەی ئاماژەکان بۆ ئەوەن ئەم هەفتەیە یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا. نزیکبوونەوە لە نێوان هەردوولا هاتووەتە ئاراوە و لایەنە شیعەکان نەرمیان بەرامبەر شاندنی هەرێمی کوردستان نواندووە، نزیکە رێککەوتن لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان بێتە ئاراوە.

لە دوای ئەوەی لایەن شیعەکان نەرمییان بەرامبەر هەرێم نواند، بڕیارە لە نێوان خۆیاندا گفتوگۆ بکەن لەسەر دەقێک رێکبکەون و وەڵامی کۆتایی بە هەرێمی کوردستان بدەنەوە، بەپێی زانیارییەکانی ژیان، رێککەوتنەکە نزیک دەبێت لە رێککەوتنی رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت، کە پێشتر هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم  واژۆیان کردبوو و لە ناو پرۆژە بودجەی 2021یش هاتووە.

عێراق و هەرێم چۆن لەسەر چی رێکدەکەون؟
شاندی هەرێمی کوردستان لە دانوستانەکانی چەند هەفتەی رابردوو پێداگیری لەسەر رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت و رادەستکردنی نیوەی داهاتی دەروازە سنورییەکان کردووە.

لایەنە شیعەکانیش لە زۆربەی کۆبوونەوەکان داوای هەموو دۆسییەی نەوتیان کردووە، بەڵام ئێستا هاتوونەتە سەر ئەو بۆچوونەی هەرێم 430 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات، لەو ژمارەیەش خەرجییەکانی دەرهێنانی نەوت و پێداویستی ناوخۆی لێ دەربکرێت، لە بری پارە لە بەندەری جیهان نەوت بدرێتەوە بە هەرێمی کوردستان و خۆی بیفرۆشێت، ئەو پێشنیازەش هەردوولای لێکنزیک کردووەتەوە بە ئاراستەی رێککەوتن.

پێداویستی ناوخۆ و خەرجی دەرهێنانی 430 هەزار بەرمیل نەوت دەکاتە زیاتر لە 250 هەزار بەرمیل نەوت  کە ئەگەر ئەوەش بکرێت کەمترە لەو بڕەی حکومەتی هەرێم ئامادەیە رادەستی بکات.

جگە لەوەش حکومەتی عێراق لە توانایدا نییە لەم کاتەدا دۆسییەی نەوتی هەرێم بەو ئاڵۆزی و کەمووکوڕیانەوە وەربگرێت کە هەیەتی، حکومەتی عێراق بە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی وتووە ئەگەر دۆسییەی نەوتی هەرێم وەربگرن تەنیا بۆ وردبینی و بەدواداچوونی گرێبەستە نەوتییەکان نزیکەی دوو ساڵیان دەوێت، ئەوە جگە لە کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی کێڵگەکانی نەوت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەست تۆڕی هەواڵی ژیان کەوتووە، رەوتی سەدر، رەوتی حیکمە و فەتح هەڵوێستەکانیان بەرامبەر هەرێم گۆڕاوە و حکومەتی عێراق و چەند لایەنێکی شیعە پێیان وایە ناکرێت موچەی خەڵک ببڕێت تاوەکو ئەو کاتەی هەردوو حکومەت لەبارەی نەوتەوە دەگەن بە رێککەوتن .

عەمار حەکیم  لەشاری سلێمانی بە ئاشکرا رایگەیاند، ئازاریان پێ دەگات، کە دەبینین فەرمانبەرانی کوردستان چەند مانگ تێپەڕدەبێت و موچەیان وەرنەگرتووە.

"هەمووان نیگەراین و ئازارمان پێ دەگات، کە دەبینین فەرمانبەرانی کوردستان چەند مانگ تێپەڕدەبێت و موچەیان وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا ئەوان بەشێک نین لە کێشەکان کە ڕوویانداوە، بۆیە دەبێت بەشوێن چارەسەرێکدا بگەڕین دڵنیایی بدات لە موچەی گەلانی عێراق و موچەی ئەو خۆشەویستانەش، بۆ ئەوەی هیچ هاوڵاتییەکی عێراقی دوودڵ نەبێت لە موچە و ژیان و گوزەرانی".
بە ڕای ئەندامانی کورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق چەند هۆکارێک کاریگەرییان هەبووە لەسەر نەرمبوونی هەڵوێستی شیعەکان بەرامبەر حکومەتی هەرێم:

_ پێداگری هەرێمی کوردستان لەسەر رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەند.
_ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەرووی 62 دۆلار و پڕبوونەوەی کورتهێنانی بودجە.
_ باردۆخی هەرێمی بە تایبەت هەوڵەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ لیکنزیکردنەوەی هەردوولا.
_ پێداگریی حکومەتی عێراق لەسەر رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
_ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق.

ئەگەر کێشە لەبەردەم لێکنزیکبوونەوەی هەولێر و بەغدا دروست نەکرێت و رێککەوتن واژۆ بکرێ، لەبەرامبەر رادەستکردنی نەوت موچەو بودجەی هەرێم دەنێردێت، کۆتایی بە کێشەی دواکەوتن و بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دێت کە لە کۆتایی ساڵی 2015ەوە دروست بووە.

گفتوگۆکانی هەرێم و عێراقیش لە کاتێکدا بەڕێوە دەچن کە داهاتی عێراق بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەرووی 62 دۆلار بەرەو باشبوون دەڕوات ئەگەر نەوت بەو نرخەی ئێستای بفرۆشرێت کورتهێنانی بودجەی 2021 پڕدەبێتەوە و عێراق باشتر دەستکراوەتر دەبێت بۆ رێککەوتن لەگەڵ هەرێم، ئەوە جگە لەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆی هەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.