پەرلەمانی ئێران داوای هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتن لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەکات

22/02/2021
فۆتۆ: 
تاران

پەرلەمانی ئێران داوای لە دەسەڵاتی دادوەری وڵاتەکەی کرد، رێککەوتنی نێوان تاران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بەشێوەیەکی کاتی هەڵبوەشێنێتەوە.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی ئێران، بەکۆی ٢٢١ دەنگی پەرلەمانتاران، راپۆرتی کۆمسیۆنی ئاسایشی نیشتیمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمان پەسەندکرا کە تیایدا داوا لە دەسەڵاتی دادوەری کراوە، بڕیار بدات رێكکەوتنی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، بەشێوەیەکی کاتی هەڵبوەشێنێتەوە.

هەر بەپێی ئەو راپۆرتە پەرلەمانتارانی ئێران داوایان لە دەسەڵاتی دادوەری کردووە، لێپێچینەوە لە حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری وڵاتەکە بکات، بەهۆی پێشێلکردنی ئەو پڕۆژە یاسایەی کە پێشتر لە پەرلەمان پەسەند کراوە.

لە کانونی یەکەمی 2020، ئەنجومەنی شواری ئیسلامی ئێران بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژە یاسایەکی پەسەندکرد و بەپێی ئەو پڕۆژە یاسایە، دەبێت ئێران سەردانی پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان بۆ بنکە ئەتۆمییەکانی سنوورداربکات و تەنانەت رێگەش نەدات کامێرا چاودێرییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە بنکە ئەتۆمییەکان دابنرێن، تاوەکو ئەوکاتەی کە سزاکانی سەر بانک و نەوتی ئێران هەڵدەگیرێن.

بەڵام دوای سەردانەکەی رافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ تاران، ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ڕێککەوتن، بۆ سێ مانگی دیکە رێگە بە پشکنەرانی ئاژانس بدرێت بچنە ناو بنکە ئەتۆمییەکان و بیانپشکنن .

دوابەدوای رێککەوتنەکەش، سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رێککەوتنەکەی بە دەستکەوتێکی گرنگ بۆ وڵاتەکەی لەقەڵەمدا و رایگەیاند، رێککەوتنەکە لە چوارچێوەی پڕۆژە یاساکەی پەرلەمان ئیمزاکراوە.