عەلی خامنەئی: پێدەچێت پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ڕێژەی 60٪ بەرزبکەیەنەوە

22/02/2021
عەلی خامنەئی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران
فۆتۆ: ئەرشیڤ
تاران

لەکاتێکدا وڵاتانی رۆژئاوا نیگەرانیان لە پیتاندنی یۆرانیۆمی بەڕێژەی 20٪ی لەلایەن ئێرانەوە دەربڕیوە، رێبەری باڵای ئەو وڵاتە دەڵێت، پێدەچێت رێژەکە بۆ 60٪ بەرزبکەنەوە.

لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەریی، عەلی خامنەئی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی بەپێی پێویستییەکانی پێداگرە لە بەرەوپێشبردنی توانا ئەتۆمییەکانی و ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی ٢٠٪ سنوردار نابێت و تاوەکو ئەو شوێنەی پێویست بکات بەردەوام دەبن لە بەرهەمهێنان و پیتاندنی.

وتیشی، "بۆ نموونە بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆگرامی ئەتۆمی یاخود ئەنجامدانی هەندێک لە کارەکان، پێدەچێت پیتاندنی یۆرانیۆم بگەیەنینە ڕێژەی ٦٠٪".

سەبارەت بە داهاتووی رێککەوتننامەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا، عەلی خامنەئی رایگەیاند، "رێککەوتنێکی چەند ساڵەمان هەیە، ئەگەر ئەوان پابەندبن، ئێمەش پابەند دەبین بەڵام رۆژئاواییەکان زۆر بەباشی دەزانن کە ئێمە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نادەین".

ئەم لێدوانەی رێبەری باڵای ئێران لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە رێککەوتننامەی ئەتۆمیی و ئەمریکا نیگەرانی خۆیان دەربڕی لەوەی کە ئێران هەوڵی پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەدات و پیتانی یۆرانیۆمی گەیاندووەتەوە بەڕێژی ٢٠٪.

هەر ئەمڕۆ و پاش سەردانەکەی رافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ تاران و رێککەوتنی لەگەڵ ئێران سەبارەت بەوەی کە بۆ سێ مانگی دیکە رێگە بە پشکنەرانی ئاژانس بدرێت بچنە ناو بنکە ئەتۆمییەکان و بیانپشکنن، پەرلەمانی ئێران داوای لە دەسەڵاتی دادوەری وڵاتەکەی کرد، رێککەوتنەکە بەشێوەیەکی کاتی هەڵبوەشێنێتەوە.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی ئێران، بەکۆی ٢٢١ دەنگی پەرلەمانتاران، راپۆرتی کۆمسیۆنی ئاسایشی نیشتیمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمان پەسەندکرا کە تیایدا داوا لە دەسەڵاتی دادوەری کراوە، بڕیار بدات رێكکەوتنی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، بەشێوەیەکی کاتی هەڵبوەشێنێتەوە .

هەر بەپێی ئەو راپۆرتە پەرلەمانتارانی ئێران داوایان لە دەسەڵاتی دادوەری کردووە، لێپێچینەوە لە حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری وڵاتەکە بکات، بەهۆی پێشێلکردنی ئەو پڕۆژە یاسایەی کە پێشتر سەبارەت بەو پرسە لە پەرلەمان پەسەند کراوە.

لە کانونی یەکەمی 2020، ئەنجومەنی شواری ئیسلامی ئێران بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژە یاسایەکی پەسەندکرد و بەپێی ئەو پڕۆژە یاسایە، دەبێت ئێران سەردانی پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان بۆ بنکە ئەتۆمییەکانی سنوورداربکات و تەنانەت رێگەش نەدات کامێرا چاودێرییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە بنکە ئەتۆمییەکان دابنرێن، تاوەکو ئەوکاتەی کە سزاکانی سەر بانک و نەوتی ئێران هەڵدەگیرێن.