پێنتاگۆن: وەڵامی هێرشە موشەکییەکەی سەر هەولێر دەدەینەوە
جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
واشنتن
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا رایگەیاند، هێرشە موشەكییەکەی سەر هەولێریان بەجددی وەرگرتووە و لە كات و شوێنی گونجاودا وەڵامیان دەبێت.
جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان كاردەكەین بۆ ئەوەی بزانین چ لایەنێك لەپشتی هێرشەكانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكایە لەبەغدا ".
وتیشی، "هێرشەكانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا مەترسیدارن و ئێمەش مافی ئەوەمان هەیە بەرگری لەخۆمان بكەین ".
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا راشیگەیاند، تاكو ئێستا لێكۆڵینەوەكان لەسەر هێرشەكانی هەفتەی رابردووی سەر شاری هەولێر بەردەوامی هەیە و هێشتا ئەو لایەنەی لەپشتەوەی ئەو هێرشانەیە دەستنیشان نەكراوە.
جەختی لەوەشکردەوە کە، "هێرشەكانی سەر هەولێرمان بەجدی وەرگرتووە و لەكات و شوێنی گونجاودا وەڵام دەدەینەوە".
ئەم لێدوانەی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پێنتاگۆن) لەكاتێكدایە کە هەفتەیەك بەسەر هێرشە موشەكییەكەی سەر شاری هەولێر تێدەپەڕێت و ئەمشەویش بەچەند موشەكێك هێرشكرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغدا.
|