نەتەنیاهۆ: پشت بە هیچ ڕێککەوتنێک نابەستین لەگەڵ ئێراندا

23/02/2021
فۆتۆ: 

بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و پشت بە هیچ ڕێککەوتنێک نابەستن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێراندا.

نەتەنیاهۆ لە پەیامێکدا کە ئەمڕۆ ئاڕاستەی ئێرانی کرد وتی (لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی بوریم، بەو کەسانە دەڵێم کە دەیانەوێت لەناومان بەرن، بە مانای ئێران و شوێنکەوتووەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەر لە ٢٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر دوژمنێکی فارس ویستی کۆمەڵکوژی گەلی جولەکە بکات، وەک چۆن ئەو کاتە شکستان هێنا، ئیستاش شکست دەهێنن".

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕاشیگەیاند، ڕێگە نادەین بە ڕژێمێکی توندڕە و ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بۆیە پشت بە هیچ ڕێککەوتنێک نابەستن لەگەل ئێراندا، چونکە کاریگەریی ڕێککەوتنەکانی پێشوویان بینیووە کە چ ئەنجامێکی بووە.

لە کۆتایی وتەکانیدا سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختیکردەوە، بەدەر لەوەی ڕێککەوتن دەبێت یان نا، بەڵام ئەوا هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن، کە ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

ئەوەش لە کاتێکدایە ماوەی چەند ڕۆژێکە دەسەڵاتدارانی ئێران هۆشداری دەدەن کە چیتر کار ناکەن بە پرۆتۆکۆڵی تایبەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی وڵاتەکەیان لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا، ئەو هەنگاوەی تاران وڵاتانی ئەوروپای نیگەرانکردووە و داوا لێ دەکەن شەفاف بێت و پابەند بێت بە بەندەکانی ڕێککەوتنامە ئەتۆمییەکەوە.