وەزیری تەندروستی: زۆربەی حاڵەتەکانی ئێستای کۆرۆنا زنجیرەی نوێی ڤایرۆسەکەن

23/02/2021
فۆتۆ: 
هەولێر

وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند، حاڵەتەکانی ئێستای کۆرۆنا زۆربەیان زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنان کە بازدان بەسەر ڤایرۆسەکەدا هاتووە.

د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو هەمان ئەو ڕێکارانە بەکاردێت کە بۆ تووشبووانی کۆڤید 19 بەکارهاتوون.

دەشڵێت، "پێویستە نەخۆش لە قۆناغی سەرەتاییدا پزیشکی چارەسەر ببینێت نەوەک خۆی دوابخات".

ئاماژەی بەوەشکرد، ڤایرۆسی نوێ پێوستی بە خۆپارێزی زیاترە بۆ ڕێگەگرتن لە خێرا بڵاوبوونەوە.

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەشکردەوە کە کەسوکار و نزیکانی تووشبووی کۆرۆنا، پێویستە پشکنینی تاقیگە بکەن و خۆیان کەرەنتین بکەن تاوەکو کەسانی تر تووش نەکەن.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، تاوەکو ئێستا 14 حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنای گۆڕاو لە پارێزگای هەولێر تۆمارکراون و بەپێی زانیارییە پزیشکیەکانیش، کۆرۆنای گۆڕاو بەراورد بە کۆڤید 19 زیاتر و خێراتر بڵاودەبێتەوە.