تورکیا لە دوو شاری باکوری کوردستان ئۆپراسیۆنی دژی پەکەکە ڕاگەیاند

24/02/2021
فۆتۆ: 

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی نوێیان بۆ سەر پەکەکە لەژێر ناوی "ئارن ١١" لە هەردوو شاری بەدلیس و سێرت دەستپێکردووە .

 بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ئۆپەراسیۆنەکە بە بەشداری ھێزەکانی کۆماندۆ و ھێزە تایبەتەکانی ئاسایش و ھێزە ئەمنیەکانی دیکەی تورکیا بەڕێوەدەچێت.

راگەیەندراوەکە دەشڵێت، ئۆپەراسیۆنەکە ٧٨١ کەس لە ھێزەکانی کۆماندۆ و ھێزە تایبەتەکانی ئاسایش و ھێزە ئەمنیەکانی دیکەی تورکیا لە خۆ دەگرێت .

جەختی لەوەش کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانی ئارن کە تورکیا لە ١١ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ دەستیان پێکردوون بەردەوام دەبن .

وەزارەتی ناوخۆیی ئەو وڵاتە ناوی ئارنی لە ئۆپراسیۆنەکە ناوە لە یادی ئارن بولبول، ئەو گەنجە تورکەی لە ساڵی ٢٠١٧ لەسەر دەستی گەریلاکانی پەکەکە کوژرا .

ئەوەش دوای ئەوە دێت بەرەبەیانی ١٠ی شوباتی ٢٠٢١ سوپای تورکیا ئۆپراسیۆنی (چنگی ھەڵۆ- ٢ ) بۆ سەر چیای گارە دەستیپێکرد و لەڕێی ٤١ فڕۆکەی جەنگییەوە بە چڕی بۆردومانی پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان کرد.

وەزیری بەرگری تورکیا ئاشکرایکرد لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکە ٤٨ چەکداری پەکەکەیان کوشتووە و دوو چەکداری دیکەشیان دەستگیرکردووە کە بە وتەی خولوسی ئاکار لەو شەڕەدا تەنیا سێ سەربازی تورکیا کوژراون.

بەڵام ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) رایگەیاند، لەو شەڕەدا ١٥ گەریلا شەھیدبوون و ٣٧ سەربازی تورکیاش کوژراون، ھەروەھا دوو گەریلاش لەلایەن تورکیاوە بەدیل گیراون .