زۆر خواردنی بستە چەند نەخۆشییەکی مەترسیداری بەدواوەیە

24/02/2021
فۆتۆ: 

بستە یان (فستق) سەرباری سودەکانی کە یارمەتیدەرێکی باشە بۆ کەمکردنەوەی کێشە و باشترکردنی تەندروستی دڵ و گەدە، بەڵام زیادەرەویکردن لە خواردنی، کاریگەریی نەرێنی هەیە لەسەر جەستە و چەند نەخۆشییەکی مەترسیداری بەدواوەیە.

لە پێکهاتەی بستەدا، زۆرێک لە سەرچاوەکانی خۆراک و وزەی تێدایە، بەڵام هەندیک کەس زیادەرەوی دەکەن لە خواردنی، ئەوەش دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی بۆیان.

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی (بۆڵد سکای) تایبەت بە بابەتە تەندروستی و پزیشکییەکان، زیادەرەویکردن لە خواردنی بستە دەبێتە هۆی:

زیادبوونی کێش:

بستە یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی بابەتی چەراسات و خواردنی زۆر ئاسانە، ئەوەش وادەکات بەڕێژەیەکی زۆری لێ دەخۆن، کە کۆتایدا دەبێتە هۆی زیادبوونی کێشیان.

جگە لەوەش بستە یەکێکە لەو  خۆراکانەی کە بڕێکی زۆر وزە و کالۆری تیدایە، بەشێوەیەک یەک کوپی بچوک لە بستە، خاوەنی ٧٠٠ کالۆرییە.


زیادبوونی ڕیشاڵەکان:

زیادەڕەویکردن لە خواردنی بستە دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕیشاڵەکان لە گەدەدا، هەرچەندە بڕێکی کەمی ڕیشاڵ گرنگە بۆ ئاسانکاری هەرسکردن، بەڵام زیادڕەویکردن دەبێتە هۆی دروستکردنی کاریگەریی لەسەر مژینی ماددە خۆراکییەکان و دروستکردنی کێشە بۆ کۆڵۆن و ڕەقبوونی دیواری گەدە.

بەو هۆیەشەوە پزیشکەکان  ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکەن کە زۆر حەزیان لە بستەیە، بڕێکی زۆر لە ژەمەکاندا نەخۆن بۆ ئەوەی تووشی ئەو کێشانە نەبن.


نەخۆشی سالمۆنێلا:

ماڵپەڕەکە ئاماژەیکردووە بەوەی چەند توێژینەوەیەک دەریانخستووە کە ئەگەری ئەوەی هەیە، ناوکی بستە بەکتریای سالمۆنێلای تێدا بێت، بۆیە کاریگەریی زۆری هەیە لەسەر کەسانی بەتەمەن و منداڵان، چونکە دەزگای بەرگری لەشیان لاوازە.

تووشبوون بە بەکتریای سالمۆنێلا، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش و سکچوون و دروستبوونی کێشەی بۆ دەزگای هەرس.


بەرزبوونەوەی فشاری خوێن:

بستەی بژراو دیارە کە بڕێگی زۆر خوێی پێوەکراوە، زۆرخواردنیشی بە واتای خواردنی بڕێکی زۆر لە خوێ و مادەی سۆدیۆم، ئەو دوو پێکهاتەیەش ئەگەر زۆر بخورێن، دەبێتە هۆی دووچاربوون بە نەخۆشی دڵ و خوێنبەرەکان و بەرزبوونەوەی فشاری خوێن.

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی پزیشکی لە ٢٨ گرام بستەدا، بڕی ١٢١ ملیگرام مادەی سۆدیۆمی تێدایە.


دروستبوونی بەردی گورچیلە:

خواردنی بڕێکی زۆر لە بستە دەبێتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی لە مادەی پۆتاسیۆن لە لاشەدا، ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی خوێی (ئۆگسالات) و دروستبوونی خوێی کالیسیۆم، کە بە یەکێک لە پێکهاتە بنەڕەتییەکانی بەردی گورچیلە دادەنرێت.