پارێزەرەکانی گیراوانی بادینان بە فەرمی یاداشتیان ئاراستەی دادگای پێداچونەوە کرد

25/02/2021
فۆتۆ: 

پارێزەرەکانی گیراوانی بادینان بە فەرمی یاداشتی خۆیان ئاراستەی دادگای پێداچونەوەی هەرێم کرد بۆ ئەوەی پێداچونەوە بە سزادانی گیراوەکاندا بکات.

بەپێی بەڵگەکان کە دەست تۆڕی هەواڵی ژیان کەوتوون شەش پارێزەر وەک پارێزەری پێنج رۆژنامەنوس و چالاکەکەی بادینان یاداشتەکەیان ئاراستەکردوە.

پارێزەرەکان لە یاداشتەکەیاندا بە 17 خاڵ باسیان لە نایاسایی بوونی حکومەکەی دادگا کردوە و داوایانکردوە دادگای پێداچونەوە(تەمیز) بڕیارەکە هەڵبوەشێنێتەوە.

ئەوانەی سزادراون بریتین لە رۆژنامەنوسان شێروان شێروانی و گوهدار زێباری و ئەیازکەرەم و چالاکانی مەدەنی هاریوان عیسا و شڤان سەعید.

ئەوە لەکاتێکدایە لەرۆژی 16 ی شوبات دادگای هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر پێنج رۆژنامەنوس و چالاکی مەدەنی بادیناندا سەپاند و بڕیارەکە زۆرترین کاردانەوەی لێکەوتەوە.