لە سێ ڕۆژدا لە خۆپیشاندانەکانی ناسریەدا نزیکەی 90 کەس بریندار بوون

25/02/2021
فۆتۆ: 

سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق ڕایگەیاند، لە خۆپیشاندان و پێکدادانەکانی ئەمڕۆی نێوان خۆپیشاندەرانی شاری ناسریەی باشوری عێراق و هێزە ئەمنییەکان ١٦ کەس بریندار بوون.

ئەو سەرچاوە ئەمنییە کە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشکرا بکات، لە لێدوانێکدا بۆ میدیا عێراقییەکان ئاشکرایکردووە، لە پێکدادانەکانی ئەمڕۆی  شاری ناسریەی باشوری عێراق ١٦ کەس بریندار بوون، ٥ کەسیان لە هێزە ئەمنییەکانن.

ئاماژەی بەوەشکرد، تا سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆش خۆپیشاندەران بەر و تایەی سوتاویان لەسەر شەقامەکان کۆکردووەتەوە و دواتریش هێزە ئەمنییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە تەقەیان بەسەر خۆپیشاندەراندا کردووە بۆ بڵاوەپێکردنیان.

لە لایەکی ترەوە بۆ زیاتر ئاگادار بوون لە ڕەوشی ئەمنی شاری ناسریە، ئەمڕۆ عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆیی عێراق و عەبدولغەنی ئەسەدی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی گەیشتە شارەکە.

سەرچاوەکانی هەواڵ باسیان لەوە کرد، سەرباری گەیشتنی ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی عێراق بۆ پارێزگای زیقار، بەڵام دۆخی ئەمنی شارەکە هیچ بەرقەراربوونێکی بەخۆیەوە نەدیووە و خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان بەردەوام بوون لە ڕووبەرووبوونەوە.

ئەو گۆڕانکاریانەی ئەمڕۆی پارێزگای زیقار لە کاتێکدایە، دوێنێش لە تێکهەڵچوونەکانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان ٦٠ کەس بریندار بوون.

ئەو ژمارەی زۆرەی برینداری خۆپیشاندەران لە کاتێکدا بووە، کە هێزێکی ئەمنی ویستوویەتی لە پردی (نەسر)ی ناوەڕاستی شاری ناسریە بپەڕێتەوە و خۆپیشاندەران ڕێگەیان پێ نەداون.

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووش بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە ١٣ کەس لە هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون.

لەسەرەتای هەفتەی ڕابردووەوە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکانەوە، بە هەزاران هاوڵاتی پارێزگای زیقار ڕژانە سەر شەقامەکانی شاری ناسریەی ناوەندی پارێزگاکە و لەگەل هێزە ئەمنییەکان ڕوبەڕووی یەکتر بوونەوە و گەنجێک کوژرا.

دوای کوژرانی ئەو گەنجەش خۆپیشاندەران لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگاری شارەکە کۆبوونەوە و داوای دەستلەکارکێشانەوەی نازم وائیلی پارێزگای شارەکەیان کرد.