لێپرسراوێکی ئەمریکا: ئەو هێرشەی کرایە سەر کۆشکێکی سعودیە لە عێراقەوە ئەنجام دراوە

25/02/2021
فۆتۆ: 

لێپرسراوێکی ئەمریکا و لێپرسراوێکی باڵای گروپێکی چەکداری نزیک لە ئێران بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشییەتید پرێسیان ڕاگەیاندووە، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە یەکێک لە کۆشکەکانی شاهانەی لە سعودیان لە مانگی ڕابردوودا کردە ئامانج، لە ناو خاکی عێراقەوە ئاراستە کرابوون.

ئەو لێپرسراوە ئەمریکییە و بەرپرسەکەی گروپە چەکدارییە عێراقییەکە کە ناوی خۆیان ئاشکرا نەکردووە، ئاماژەیان بەوەکردووە، ڕۆژی ٢٣ی کانوونی دووەمی ڕابردوو، ٣ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن گروپێکی نزیک لە ئێرانەوە لە سنورەکانی عێراقەوە لەگەڵ سعودیە ئاراستەی ناو خاکی ئەو وڵاتە کراون و لەسەر کۆشکی شاهانە لە شاری ڕیازی پایتەخت تێکشکێنراون.

ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژی ٢٣ ی مانگی ڕابردوو، گروپی حوسییەکانی یەمەن ڕەتیانکردەوە ئەو هێرشەیان ئەنجام دابێت کە کرایە سەر کۆشکی یەمانە لە سعودیە.

 ئەو لێپرسراوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دوای هێرشەکەی ئەمریکا کە هەریەکە لە قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیسی تیا کرایە ئامانج لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کەمێک لێدوانەکانیان لە دژی ئەمریکا سوکتر کردووە، بەڵام هەندێکیشیان تا ئێستاش ناوبەناو  بە کاتیۆشا هێرش دەکەنە سەر ناوچەی سەوزی بەغدا، بەڵام هیچ کامێکیان بە راشکاوی ناتوانن بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشەکان ڕابگەیەنن.