ئەمریکا هێرشی کردەسەر گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران

26/02/2021
فۆتۆ: 
دیمەشق

بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە لە هێرشە موشەکییەکانی چەند رۆژی رابردوو بۆسەر هەولێر و عێراق، ئەمریکا هێرشی کردەسەر گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە سوریا.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، کە درەنگانی شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، چەند هێرشێکیان بۆسەر بارەگاکانی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە سوریا، لەوانەش گروپەکانی "کتائب حزب الڵە" و "کتائب سیدالشهدا" ئەنجامداوە.

لە بەیاننامەکەی پێنتاگۆندا ئاماژە بەوەشکراوە کە ئەو هێرشانە، لە تۆڵەی ئەو زنجیرە هێرشە موشەکیانە ئەنجامدراوە کە لە چەند هەفتەی رابردوودا کرانەسەر باڵیۆزخانە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق.

چەند بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزیان راگەیاندووە، هێرشەکە کراوەتەسەر دەروازەیەکی سنوریی نافەرمی سوریا کە بۆ قاچاخی چەک و کەلوپەلی سەربازیی بەکارهاتووە و تیایدا حەوت بۆمبی ٢٢٦ کیلۆگرامی بە بەهای ٥٠٠ پاوەند بەکارهاتووە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە کە بەیانی رۆژی پێنجشەممە ٢٥ی٢ی٢٠٢١،جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فەرمانی هێرشەکەی دەرکردووە.

لای خۆشیەوە، روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ هێرشەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و رایگەیاندووە، بە پێی ئامارە سەرەتاییەکان، لە ئەنجامی ئەو هێرشە ١٧ چەکداری گروپەکانی نزیک لە ئێران کوژراون.

رامی عەبدولڕەحمان سەرۆکی روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکردووە، لە هێرشەکەدا سێ بارهەڵگری هەڵگری چەک و کەلوپەلی سەربازی لەناوچوون و کوژراو و برینداری زۆریشی لێکەوتووەتەوە.

ئەوەش یەکم بڕیاری سەربازیی جۆ بایدن سەرۆکی ویلایە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە کە دوای دەست بەکاربوونی لە دژی ئێران و بریکارەکانی لە ناوچەکە بەکاردێت.