بایدن و شا سەلمان پرسەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە سعودیە تاوتوێ دەکەن
جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و شا سەلەمان پاشای سعودیە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
ریاز
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و شای سعودیە، پرسەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و کوشتنی جەمال خاشقچییان تاوتوێ کرد.
کۆشی سپی لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد کە جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ شا سەلەمان پاشای سعودیە ئەنجامداوە و تیایدا جەختی لە گرنگیی رێزگرتن لە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا لە سعودیە کردووەتەوە.
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی بایدن لە دوای خوێندنەوەی راپۆرتێکی ئەمریکی تایبەت بە کوژرانی خاشقچی هات، کە چاوەڕێ دەکرێت بڵاوبکرێتەوە و پێشبینیدەکرێت تێیدا محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە بە بەرپرس لە کوشتنی خاشقچی تۆمەتبار کرابێت.
رۆژی پێنجشەممە ٢٥ی٢ی٢٠٢١، سێ لێپرسراوی ئەمریکا بە تۆڕی هەواڵی (سی ئێن ئین) ی ئەمریکایان ڕاگەیاند، ڕاپۆرتی هەواڵی ئەمریکا لەسەر کوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی سعودی بڵاوناکرێتەوە، تا دوای پەیوەندی نێوان جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و پادشای سعودیە.
پێشتریش لیپرسراوێکی کۆشکی سپی ئاشکرایکردبوو، ئیدارەی بایدن نایەوێت ڕاپۆرتەک بڵاوبکرێتەوە، بەر لەوەی هۆشداریەک نەدرێتە دەسەڵاتدارانی سعودیە .
جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی دیاری سعودیە لە ڕۆژی ٢ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٨، لە کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە شاری ئیستەنبوڵی تورکیا کوژرا و تا ئیستاش نازانرێت لاشەکەی چی لێبەسەرهاتووە.
|