چین چۆن هەژاری لەناوبرد؟

26/02/2021
فۆتۆ: 

٣٤٤ مرۆڤ لە گوندێکی چین دەژیان، تەنها ڕێگەی هاتوچۆی بەو شێوەیە بوو کە سەرۆکی چین دەڵێت، بینیم منداڵان بەپەیژەیەکی لەرزۆکدا بەسەر چیایەیەکدا سەردەکەون، بەبێ هیچ ئامرازێکی خۆپارێزی، بۆیە ئەو دیمەنە تووشی دڵتەنگی و نیگەرانی زۆری کردم.

دوای بینینی ئەو دیمەنە سەرۆکی چین چووە ئەو گوندە و ئەم پلانەی جێبەجێکرد؛

خەڵکی گوندەکەی گواستەوە بۆ شارێکی نیشتەجێبوون، منداڵەکانیانی خستە بەرخوێندن، گوندەکەشیانی گۆڕی بۆ ناوچەیەکی گەشتوگوزار .

ئێستا ساڵانە 100 هەزار کەس سەردانی دەکات، ئەمە تەنها نمونەیەکە لە موعجیزەیەکی تری ئابووری، کە وڵاتی چین لە ماوەی ٨ ساڵدا ١٠٠ ملیۆن مرۆڤی لە هەژاری ڕزگارکرد .

کاتێک شی جینگ پینگ لە تشرینی دووەمی ٢٠١٢ هاتە سەر تەختی دەسەڵات، نزیکەی ١٠٠ ملیۆن هاوڵاتی لە ژێر هێڵی هەژارییەوە بوون، ١٠٠هەزار گوند لە چین هەبوو بە ڕێگە سەرەکییەکانەوە نەبەسترابوونەوە، چوار هەزار گوند بێ کارەبا و ئینتەرنێت بوون، بڕیاریدا لە ماوەی ٨ ساڵدا کۆتایی بە هەژاری بهێنێت، بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی پێویست بوو هەموو ساڵێک زیاتر لە ١٠ ملیۆن هاوڵاتی لە تارمایی هەژاری دەربهێنێت، واتە لە هەر خولەکێکدا ٢٠ کەس، بۆ ئەمەش ستراتیژێکی دانا کە بۆ یەکەمجاربوو لە مێژووی چین جێبەجێبکرێت و دەستیکرد بە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر هەر تاک و خێزانێکی هەژار و کەمدەرامەت لە وڵاتەکەی .

شی جینگ پینگ دوو ملیۆن کارمەندی ناردە گوند و ناوچە شاخاوییەکان، لە ماوەی ١٨ مانگ چین زانیاری تەواوی لەبارەی ژمارەی هەژارانی وڵاتەکەی کۆکردەوە و دواتر سەرۆک گەورەترین کۆنگرەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژاری سازکرد .

لەو کۆبوونەوەیەدا شی چینگ پینگ بەڵێننامەی بە حاکمی ٢٢ هەرێمی چین پڕکردەوە کە بەڵێن بدەن هەژاری لە ناوچەکانیان لەناوبەرن، بەڵێننامەی لێوەرگرتن و لای خۆی هەڵیگرت، هەروەها لە بەرانبەر هەموویاندا وتی، "خۆشم هەمان بەڵێن دەدەم، ئەمەش بەڵێنی سەربازێکە و دەبێت پێوەی پابەندبین ".

سەرۆک خۆی ڕاستەوخۆ چاودێری هەنگاوەکانی دەکرد و بەشداری پرۆسەکە بوو، سەرئەنجامی ئەم هەوڵانە لەو ناوچە هەژارنشینانە، کەرتی کشتوکاڵ بوژایەوە و ئاستی پەروەردە بەرزکرایەوە، کەرتی گەشتوگوزاریش بوژانەوەی بەخۆوەبینی، کارەبا و ئینتەرنێتی گەیاندە تەواوی ناوچە دوورە دەستەکانی چین .

لە ماوەی ٨ ساڵدا ٩ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ ناوچەی گونجاوتر بۆ ژیان گۆڕدرا، ئێستا هەموو گوندەکانی چین بە یەکەوە و بە ڕێگای سەرەکییەوە بەستراونەتەوە و پزیشک و کارمەندی تەندروستی بەردەوام چاودێری دانیشتوانی ناوچە دوورە دەستەکان دەکەن و ١٠٠هەزار قوتابخانە لە ناوچە دەشت و شاخاوییەکان دروستکران و یان نۆژەنکرایەوە .

بەم هەنگاوەی چین ١٠ ساڵ پێش جیهان و پلانی نەتەوە یەکگرتووەکان کەوت، لەبەرئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان پلانی هەیە لە ٢٠٣٠ هەژاری نەهێڵێت، بەڵام خەونی نەهێشتنی هەژاری لای سەرۆکی چین تەنها لە کاتی وەرگرتنی دەسەڵاتەوە گەڵاڵە نەبووە، ئەو  لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو کاتێک لە سەرەتای لاوێتیدا بوو، لە یەکێک لە گوندە هەژارەکانی چین کاری جوتیاری دەکرد .

واتە شی جینگ پینگ ئەو هیوا و ئاواتەی لە سەرەتای تەمەنی پێگەیشتنی هەیبوو، لە کاتی سەرۆکایەتی وڵاتێکی زەبەلاحی وەکو چین لە بیری نەکرد و ١٠٠ ملیۆن مرۆڤی وڵاتەکەی لە ژێر هێڵی هەژاری دەرهێنا.