مەزڵوم عەبدی بۆ بایدن: هەڵەکانی ترەمپ راستبکەرەوە

26/02/2021
فۆتۆ: 
رۆژئاوای کوردستان

فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) داوا لە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات، هەڵەکانی دۆناڵد ترەمپ راستبکاتەوە.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەنگى ئەمریکا داواى لە جۆ بایدن، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرد، پاڵپشتى لە چارەسەرکردنى دۆخی سیاسى سوریا بکات و هەڵەکانى ئیدارەى ترەمپ لەوبارەیەوە راستبکاتەوە.   

عەبدی هەروەها داواشیکرد، لە دانانى دەستورى نوێى سوریادا تایبەتمەندى ڕۆژئاواى کوردستان لەبەرچاو بگیرێت و گرەنتى بکرێت.  

فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات جەختى لەوەشکردەوە، دەیانەوێت بە گفتوگۆ و دیالۆگ، کێشەکانیان لەگەڵ ڕژێمى سوریا چارەسەر بکەن و نایانەوێت گرژى زیاتر لەوبارەیەوە دروست بکەن.  

ئاماژەی بەوەشکرد کە دەیانەوێت بە گفتوگۆکردن مافەکانى کورد و سەرجەم پێکهاتەکانى تر لەسنورى ئیدارەى خۆسەریدا لە سوریاى داهاتوودا بچەسپێنرێت.