چەند خولەکێک بەر لە هێرشەکەی سوریا واشنتۆن مۆسکۆی ئاگادار کردووەتەوە

26/02/2021
فۆتۆ: 

ئاژانسی هەواڵی ڕوسیا لە زاری سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەر لە جێبەجێکردنی هێرشە ئاسمانییەکەی لە سوریا، بە چەند خولەکێک پێشتر مۆسکۆی ئاگادار کردووەتەوە.

وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کاتە بەس نییە بۆ  ئاگادارکردنەوەی پێشوەختی ئەوان.

ئاژانسی ئینتەفاکسی ڕوسیا لە زاری لاڤرۆڤەوە بڵاویکردەوە، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە، پەیوەندییەکانی بە روسیاوە گرێ بداتەوە، سەبارەت بە سوریا و ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی ئیدارەی جۆ بایدن تایبەت بە سوریا.

لاڤرۆڤ ئاشکراشیکرد، مۆسکۆ سورە لەسەر ئەوەی بەم نزیکانە دەستبکاتەوە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە سوریا.

وەزیری دەرەوەی روسیا ڕاشیگەیاند، بەگوێرەی هەندێک راپۆرت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک نایەوێت سوریا چۆڵ بکات، بۆ ئەو مەبەستەش مۆسکۆ داوای ڕوونکردنەوەی لە واشنتۆن کردووە لەوبارەیەوە.

ئەو وتانەی وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ هێزی ئاسمانی ئەمریکا هێرشیکردە سەر بارەگا و جبەخانەی ملیشیا چەکدارەکانی عێراقی نزیک لە ئێران لە سنوری سوریا.

بەگوێرەی ڕێکخراوی ڕوانگەی مافی مرۆڤی سوریا، هێرشەکان خاڵی چاودێری سنوری و کۆگای تەقەمەنی و ئۆتۆمبێلی سەربازیی تیا کراوەتە ئامانج و بە دەیان چەکداری سەر بە گروپی حزبوڵای عێراقی ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی لە باشوری شاری ئەلبوکەمالی سوریا کوژراون.

هێرشەکانش وەک جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی واشنتۆن بووە، کە ڕایگەیاندبوو بەم نزیکانە هەڵوێستیان دەبێت لەسەر هێرشە موشەکییەکانی هەولێر و ناوچەی سەوزی بەغدا.