عێراق لێدوانەکانی وەزیری بەرگری ئەمریکای رەتکردەوە

26/02/2021
فۆتۆ: 

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، بۆردومانەکەی سەر سنوری هاوبەشی عێراق و سوریا، کە کرایە سەر چەند گروپێکی سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی، بە هاوکاری کاری هەواڵگرییانە لەگەڵ عێراقدا ئەنجام دراوە و وەزارەتی بەرگری عێراق هەواڵەکە ڕەتدەکاتەوە.

بەگوێرەی زانیارییە هەواڵییەکان بۆردومانەکە بووەتە هۆی کوژرانی ٢٢ ئەندامی گروچە چەکدارەکانی ناو حەشدی شەعبی کە زۆر نزیکن لە ئێرانەوە.

ئەو هێرشەش بە یەکەم وەڵامی سەربازیانەی ئیدارەی جۆ بایدن دادەنرێت، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکانی ئەم دواییەی کە کرانە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

دوا بە دوای هێرشەکە لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، عێراق ڕۆڵی هەبووە لە سەرکەوتنی هێرشەکە.

پنتاگۆن لە بەیاننامەیەکدا لە زاری ئۆستنەوە ڕایگەیاند "ئێمە دڵنیاین چ ئامانجێکمان هەڵبژاردووە و دەشزانین لە کێمان داوە.

وەزیری بەرگری ئەمریکا جەختیشیکردووەتەوە "ئێمە دڵنیاین ئامانجەکانمان ئەو میلیشیایانە بوون، کە هێرشەکانی ئەم دواییەیان ئەنجامداوە لە دژی بەرژەوەندییەکانی خۆرئاوا لە عێراق" وەک ئاماژەیەک بۆ چەکداری کەتیبەکانی حزبوڵای عێراق.

وەزیری بەرگری ئەمریکا زانیاری زیاتری ئاشکراکردووە و وتوویەتی، ئۆپراسیۆنەکە لە دوای بەدەستهێنانی زانیاری هەواڵگری بووە کە ئەمریکا لە لایەن عێراقەوە بەدەستی هێناوە.

لەوبارەیەوە جەختیکردووە، واشنتۆن هانی عێراقییەکانی دا لێکۆڵینەوە بکەن و زانیاری هەواڵگری پی بدەن، کە زۆر گرنگ بە سوود بووە بۆ دیاریکردنی ئامانجەکان.

ئەو زانیاریانەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە کاتێکدایە، وەزارەتی بەرگری عێراق ڕایگەیاند، تووشی سەرسوڕمان سەبارەت بەو بەیاننامەیەی ئەمریکا، سەبارەت بە بۆردومانکردنی چەند پێگەیەک لەناو خاکی سوریادا.

لەوبارەیەوە وەزارەتی بەرگری عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "تووشی سەرسوڕمان بوون سەبارەت بە لێدوانەکانی لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا، سەبارەت بە ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری هەواڵگری لەگەڵ عێراق، بەر لەوەی هێرشە ئاسمانیەکە بکەنە سەر سنوری سوریا.

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان لە کاتێکدا هەموو ئەو زانیارییانە رەتدەکەنەوە، جەختیش دەکەنەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هیزەکانی هاوپەیمانان کورتکراوەتەوە لە چەند ئامانجێکی دیاریکراو، کە خۆی دەبینێتەوە لە دایەتی و هێرش بۆ سەر داعش و هەرەشە لەسەر عێراق، بەو شێوەیەی کە سەروەری و سەلامەتی خاکەکەی پارێزراو بێت.

لە لایەکی ترەوە وەزارەتی دەرەوەی سوریا بۆرودمانەکەی ئەمریکای لە سنوری وڵاتەکەی بە دەستدرێژی ناوبردووە، بە ئاماژەیەکی نەرێنی ئیدارەی نوێی ئەمریکای لە قەڵەمداوە.

داواشی لە ئەمریکا کردووە، پەیڕەوی دوژمنکارانە و دەستدرێژکارانەی لە دژی سوریا ڕابگرێت و دەستهەڵگرێت لە یارمەتیدانی ئەو گروپانەی کە ئەو بە تیرۆریست ناوی بردوون.

بەر لەو لێدوانە نوێیانەی لوید ئۆستن، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو، هێرشەکان بووەتە هۆی تێکدان و خاپوورکردنی ژێرخان و پێگەکانی گروپە چەکدارەکانی حزبوڵا و کەتیبەکانی سەید شوهەدا، کە بە وتەی ئەمریکا دوو گروپی نزیک لە ئێرانن لە ناو ڕیزەکانی حەشدی شەعبی.

بۆردومانەکەی شەوی ڕابردوو لە کاتێکدایە، گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لەناو حەشدی شەعبی، بەم دواییانە هێرشەکانیان بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەناوخۆیی عێراق زیاتر کردووەن بە تایبەت هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و ناوچەی سەوزی بەغدا و هەفتەی ڕابردووش بۆ سەر بنکەی ئاسمانی بەلەد لە پارێزگای سەلاحەدین.