کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق: لە ناسریە 5 کەس کوژران و 271 کەسیش بریندار بوون

26/02/2021
فۆتۆ: 

کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق ئاشکرایکرد، لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا رووبەڕووبوونەوە و ئاڵۆزییەکانی شاری ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار لە باشوری عێراق ٥ کەس کوژراون و ٢٧١ کەس بریندار بوون.

عەلی بەیاتی ئەندامی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دۆخی ئەمنی ناوخۆی شاری ناسریە لە کۆنترۆڵ دەرچووە و خوێنی خەڵک دەڕژێت و حکومەتیش سەیر دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەناو بریندارەکانی ئەو ٥ ڕۆژەی رووبەڕووبوونەوە و ئاڵۆزییەکان ١٤٧ کەس لە هێزە ئەمنییەکانیش بریندار بوون.

لە لایەکی ترەوە کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عێراق ئیدانەی لەکۆنترۆڵ دەرچوونی دۆخی ئەمنی پارێزگاکەی کرد، کە بووە هۆی کوژران و بریندار بوونی ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان.

لە بەیاننامەیەکدا کۆمسیۆنەکە ڕایگەیاندووە، لە میانی بەدواداچوونەکانیان بۆیان ئاشکرا بووە، کە هێزە ئەمنییەکان گولـلەی ڕاستەقینەی ناوە بە خۆپیشاندەرانەوە، بۆیە ئەو ژمارە زۆرەی خەلک بریندار بوون.

کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ هۆشداری ئەوەشی داوە لە بەردەوامبوونی دۆخەکەو لە کۆنترۆڵ دەرچوونی دۆخی پارێزگاکە و چارەسەرنەکردنی کێشەکان و لاوازی دەزگا ئەمنییەکان لە پاریزگاریکردن لە ئاسایش و ئارامی شارەکە، چونکە دۆخەکە سەردەکێشێت بۆ ئاژاوە و بێسەروبەری و زیادبوونی ژمارەی کوژراو و بریندارەکان.

داواشی لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کرد، دۆخی ئەمنی پارێزگاکە بگرێتە دەست و بڕیاری پێویست بە پەلە لەبارەی دۆخی ئەمنی پارێزگای زیقارەوە بدات، هاوکات داواشی کرد داخوازییە رەواکانی خۆپیشاندەران بە هەند وەربگرێت لە پێناو پاراستنی سەرو ماڵی هاوڵاتیان.

ماوەی پینج ڕۆژە لە شاری ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار، پێکدادانی خوێناوی دروستبووە لە نێوان خۆپیشاندەرانی شارەکە و هێزە ئەمنییەکان، کە سەرباری ئەوەی دوێنێ وەزیری ناوخۆیی عێراق سەردانی شارەکەی کرد، بەڵام نەیتوانی دۆخەکە چارەسەر بکات و ئەمڕۆ خۆپیشاندان فراوانتر بوون و ئاگریان بە بینای پارێزگای زیقار بەرداو داوای دەستلەکار کێشانەوەی پارێزگاری شارەکەیان کرد.