غالب محەمەد: پێشتر ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لە هێرشكردنەسەرمان ئاگاداریان كردینەوە

27/02/2021
فۆتۆ: 

دوای ئەوەی هێرشیكرایە سەر غالب محەمەد ئاشكرایدەكات پێشتر لەلایەن ئاسایشی نیشتیمانی عێراقیەوە هۆشداریان پێدرابوو كە بە ئامانجگیراون، ئەوان رەتیانكردووەتەوە و پاسەوانیان بۆ دابینبكرێت.

غالب محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دوای هێرشكردنە سەری بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: ئێستا دۆخم زۆر باشترە، ئەو كەسەی هێرشیكردە سەرم بینیم، وەك روخسار ئەگەر بیهێننە بەردەمم پێدەچێت بیناسمەوە، ئێمە كامێراكانی چاودێریمانداوەتە هێزە ئەمنیەكان و چاوەڕوانی لێكۆڵینەوەكانی ئەوان دەكەین. 

ئەو وتیشی: من نازانم ئەو كەسە بەتەنها بووە یان نا بەڵام بەگوێرەی ئەو كارەی كردویانە پێدەچێت دامەزراوەیەكیان لەپشت بێت، لەگەڵ هۆشیار عەبدولا پێشتر لەلایەن ئاسایشی نیشتیمانی عێراقی تەلەفونیان بۆكردین و هۆشداریان پێداین كە بە ئامانجگیراوین ئەگەر پێویستتان بە پاسەوانە بۆتان دابین دەكەین، بەڵام ئێمە رەتمانكردەوە، هەر ئەو كاتەش وتیان لایەنی ئاسایشی سلێمانیمان لەو بە ئامانجگرتنەتان ئاگاداركردووەتەوە. 

غالب محەمەد روونیكردەوە بەهۆی ئەوەی دۆخی ئەمنی عێراق باش نیە ئێمە پاسەوانەكانمان بۆ ئەوێ بەكاردەهێنین و سلێمانی ئاسایشی زیاتر تیادا بەرقەرارە بەو شێوەیە نیە پێویستمان پێی هەبوو بێت، وەكوتر من نوێنەری خەڵكم ئەگەر پاسەوان لەگەڵ خۆمدا بەرمەدەرەوە ئیتر ناتوانم چاوم بە خەڵك بكەوێت و لە ئازارەكانیان تێبگەم. 

پەرلەمانتارەكە داوای لە هێزە ئەمنیەكان كرد ئەو كەسەی هێرشەكەی كردووە دەستگیری بكەن و بیدۆزینەوە كە كێی لە پشت بووە، بۆ ئەوەی ناوبانگی شارەكە لە بەغدا و شوێنانی دیكە خراپ نەبێت، هەرچەندە  حكومەتی هەرێم بە سزادانی چالاكوانانی بادینان ناوبانگی خراپ بووە، بەڵام ئەمەش دەبێتە پەڵەیەكی رەشیتر لەسەری.

ئێوارەی رابردوو لە كاتی گەڕانەوەیدا بۆ ماڵەكەی خۆی بە (دامبۆكس) هێرشكرایەی سەری و هەشت شوێنی برینداری بەسەریەوەیەتی كە واباسی لێوە دەكرێت كە هەشت چەقۆی بەركەوتبێت.