ناسی پیلۆسی: لەسەر کوژرانی خاشقچی لێپرسینەوە لە سعودیە دەکەین

27/02/2021
فۆتۆ: 

نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕایگەیاند، پێویستە لەسەر حکومەت پێداچوونەوە بکات بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیەدا و دووبارە ڕێکیان بخاتەوە، ئەویش دوای ئەوە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەی ئەمریکا کە باس لە کوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی سعودی دەکات.

لە بەیاننامەیەکدا پیلۆسی ڕایگەیاند، دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران یاسایەکی ڕێزلێنان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی خاشقچی پێشکەش دەکەن، لەگەڵ سزادانی ئەو کەسانەی کە تاوانی سەخت بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان دەکەن.

پیلۆسی وتی " پێویستە سعودیە ئەوە بزانێت جیهان چاودێری کار و هەڵسوکەوتە بێزارەکانی دەکات و ئێمەش لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکەین".

ئەو وتانەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ بە کاتی ئەمریکا، ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا ڕاپۆرتێکی نهێنی دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەی ئاشکرا کرد، سەبارەت بە کوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی دیاری سعودیە لە کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨.

بەهێزترین زانیاری ناو ڕاپۆرتەکە ئەوە بوو کە بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئەمریکا وتوویەتی "ئێمە وای دەبینین کە محەمەد سەلمان جێنشینی پادشای سعودیە، ڕەزامەندی نیشانداوەو لەسەر سەر ئۆپراسیۆنەکەی ئیستەنبوڵ لە تورکیا، بۆ دەستگیرکردن یان کوشتنی جەمال خاشقچی".

میدیاكانی ئەمریكا رایانگەیاند، ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا ئامادەكاری دەكات بۆ سەپاندنی سزای سنورداركردنی ڤیزا بەسەر زیاتر لە 70 كەسی سعودیدا، وەك بەشێك لە سیاسەتی نوێی ئەمریكا بۆ پاراستنی رۆژنامەنووسان و ناڕازییەكان لەدەرەوەی وڵاتەكانیان .

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە میدیاكانی ئەمریكاوە بڵاودەكرێتەوە بڕیارە وەزارەتی خەزێنە سزا بەسەر ئەندامانی دەستەی پاسەوانی شاهانەی سعودیەدا بسەپێنێت كە لە مردنی خاشقچیدا بەشدار بووە .

راپۆرتەكە وتوشیەتی لە 2تشرینی یەكەمی 2018 تێمێكی 15 كەسی لە سعودییەوە گەیشتنە ئیستەنبوڵ و لەوێ جەمال خاشوقچییان لە كۆنسوڵخانەی سعودیە كوشت. دەسەڵاتدارانی سعودیە سەرەتا نكۆڵیان لە كوشتنی خاشوقچی لە كۆنسوڵخانە كرد، بەڵام دواتر كوشتنەكەیان بۆ ئۆپەراسیۆنێكی تیمێكی هەواڵگری گەڕاندەوە. دادگای سعودیە 5 كەسی بە تۆمەتبار لە قەڵەمدا، دوای دادگاییكردنیان بە 20 ساڵ بەندكردن سزادران.