ساڵی ڕابردوو داهاتی باج لە عێراق نزیکەی ٤ تریلیۆن دینار بووە

27/02/2021
فۆتۆ: 

دەستەی گشتی باجی عێراق ئاشکرایکرد، لە ساڵی ٢٠٢٠دا بڕی باجی کۆکراوە گەیشتووەتە ٣ تریلیۆن و ٨٠٠ ملیار دینار.

دەستەی گشتی باج ئاماژەی بەوەکردووە، بڕەکەی بە ڕێژەی لە ٢٣% زیادیکردووە لە چاو ساڵی ٢٠١٩دا، کە ئەو کاتە بڕی باج گەیشتووەتە ٣ تریلیۆن و ١٠٠ ملیار دینارز

جەختیشیکردەوە ئەو بڕە پارە زۆر سەرباری دۆخی کۆرۆنا و هەندێک جار قەدەغەی هاتووچۆ و داخستنی گشتی و کاریگەریی لەسەر جموجوڵی بازرگانی بە دەستهاتووە، جگە لەوەش نرخی نەوت لە ساڵی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیبوو.

شاکر مەحمود بەڕێوەبەری گشتی دەستەی باجی گشتی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی فەرمی عێراقی ڕاگەیاندووە، پلانیان هەیە بۆ زیاتر کردنی داهاتەکان لەڕێگەی باجەوە ، بۆ ئەو مەبەستەش پلانی خۆیان خستووەتە ناو ئەو پەرەی سپییەوە کە حکومەت رایگەیاندووە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە نیازن ڕێژەی باج لەسەر چەند کەلوپەلێکی هاوردە زیاتر بکەن، وەک توتن و جگەرە و خواردنەوە کحولییەکان و ئوتۆمبێل.

هەروەها لە چوار چێوەی پڕۆژە یاسای بودجەدا پێشنیاز کراوە باج بخرێتە سەر سەنتەرەکانی مەساج و جوانکاری و ئارایشتگاکان و مۆڵ و ناوەندە بازرگانییە سەرەکییەکان، هەروەها دانانی ڕێوشوێنی پێویست لەسەر خانووبەرە، کە لە ئێستادا کەمترین باجی لەسەر وەردەگیرێت.