هاتووچۆی هەولێر: بەشی یەکەمی شەقامی 150 مەتری بەڕووی شۆفێران دەکرێتەوە

27/02/2021
فۆتۆ: 
هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، سبەینێ بەشی یەکەمی شەقامی 150مەتری بەڕووی شۆفێران دەکرێتەوە و داواشی لە هاوڵاتیان کرد، بەپێی یاسا و ڕێنماییەکانی هاتووچۆ شەقامەکە بەکاربهێنن.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرجەم شۆفێران و هاوڵاتیانی بەڕێزمان ئاگاداردەکەینەوە کەوا لە ڕۆژی یەکشەممە 2021/2/28 لە کاتژمێر 8ی سەر لەبەیانی، بەشی یەکەمی شەقامی 150مەتری بەڕووی شۆفێران دەکرێتەوە بۆ هاتووچۆکردن، لەپاش ئەوەی کە بەفەرمی لە ڕۆژی پێنجشەممە لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کرایەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهیوای ئەوەی کە شۆفێران سود لەو شەقامە وەربگرن و بەپێی یاسا و ڕێنماییەکانی هاتووچۆ بەکاری بێنن و بەو خێراییەش لێخوڕینی تیادا بکەن کە دیاریکراوە بە هێماکان.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر راشیگەیاندووە، بۆلاینی چەپ 110 کم و هەردوو لاینی ناوەندیش، بۆ خێرایی 100کم و لاینی لای ڕاستیش بۆ خێرایی 80کم، کە دەبێت بارهەڵگرەکان تەنها لەو لاینە لێخوڕین بکەن و بەدرێژایی ڕێگاکەش لاینی خزمەت هەیە لەلای ڕاست، کە دەتوانن بۆحاڵەتی لەناکاو بۆوەستان بەکاری بێنن.