بەهۆی هەڵوێستێکەوە بێژەرێکی بەناوبانگی میسر ڕەوانەی لێکۆڵینەوە کرا

28/02/2021
فۆتۆ: 

دەستەی نیشتمانی بۆ میدیا لە میسر بڕیاریدا بە ڕاگرتنی کاری بێژەرێکی بە ناونگی ژن لە میسر بە شێوەیەکی کاتی و ڕەوانەکردنی بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ تیمی کارەکەی.

دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، بڕیاریدا بە ڕاگرتنی (ئومەیمە تەمام) بێژەری کەناڵی یەکی تەلەفزیۆنی فەرمی میسر بەشێوەیەکی کاتی و خۆی و تیمی کارەکەشی ڕەوانەی لێکۆڵینەوە دەکرێن، دوای ئەوەی لە پەخشی ڕاستەوخۆدا دەرکەوتووە، بە قەڵەمی لێو خەریکی ڕازاندنەوەی لێوی بووە.

دەستەی نیشتمانی بۆ میدیا لە میسر کە چاودێری کاری و چالاکی میدیای ناوخۆیی ئەو وڵاتە دەکات، لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، بە لەبەرچاوگرتنی ڕێزگرتن لە بنەماکانی دەرکەوتن لەسەر شاشە لەبەردەم بینەراندا، بڕیاردرا بە ڕاگرتنی بێژەری ناوبراوو تیمی کارەکەی، تا ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بێژە و تیمی هاوکاری بە هیچ شێوەیەک پێوەرەکانی کارکردنیان لەبەرچاو نەگرتووە و لەکاتی دەرکەوتن و خوێندنەوەی سەردێڕی هەواڵەکاندا هەڵەیان کردووە.

ئەو بڕیارە لە دژی ئەو بێژەرە و تیمەکەی لە کاتێکدایە، تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی دیمەن و ڤیدیۆی ئەو بێژەرە میسرییەیان بڵاوکردەوە، کە لە شاشەوە دەردەکەوێت بە قەڵەمی لێو خۆی دەڕازێنێتەوە.