پەرلەمان بەدواداچوون بۆ قۆپیەی مامۆستاكە دەكات

28/02/2021
فۆتۆ: 

لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا لەسەر قۆپیەكردنی مامۆستاكە نوسراوی فەرمی ئاراستەی هەریەكە لە وەزارەتی (پەروەردە، خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، رۆشنبیری و لاوان) بكات.

ئەمڕۆ یەكشەمە لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەسەرپەرشتیی عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی سەرۆكی لیژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی لیژنە و بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكە كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كارزان كەریم راوێژكاری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ كاروباری پەروەردە ئامادەی بوو، تیایدا ئاماژەیان بە "لێداوانی ئەو مامۆستایە كرد كەباسی لەبابەتی گزیكردن كردبوو لەمیدیایەكی كوردستانیدا".

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا دوای گفتوگۆ لەسەر بابەتی قۆپیەی مامۆستاكە "لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا نوسراوی فەرمی ئاراستەی هەرسێ وەزارەتی (پەروەردە، خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، رۆشنبیری و لاوان) بكات لەسەر ئەو پرسە".

هەر لە كۆبوونەوەكە لیژنەیەك پێكهێنرا بۆ سەردانیكردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری تایبەت بەچەند مامۆستایەك كە لەسیستەمی بایۆمەتری دووجار ناویان تۆماركراوە، لیژنەیەكی تریش بۆ سەردانیكردنی سەرجەم زانكۆ تایبەتەكان بۆ وەرگرتنی سەرنج و پێشنیاز سەبارەت بەپڕۆژە یاسای زانكۆ تایبەتەكان پێكهێنرا.

ئەوەش دوای ئەوەهات كە مامۆستایەك لە بەرنامەیەكی كەناڵی (ئاڤا تی ڤی) ئاشكرایكرد كە لە قۆناغی دووی ناوەندیەوە سەرجەم قۆناغەكانی خوێندنی بە گزیكردن(قۆپیە) بڕیوە و هەرگیزیش پێی نەزاندراوە، وتەی ئەو مامۆستایەش كە ئێستا بەڕێوەبەری پەیمانگایەكی ئەهلیە كاردانەوەی جیاوازێ.