کەڵەشێرێک خاوەنەکەی دەکوژێت

28/02/2021
فۆتۆ: 

لە باشوری وڵاتی هیندستان لە کاتی شەڕە کەڵەشێردا کەڵەشێرێک خاوەنەکەی دەکوژێت.

پۆلیسی هیندستان دەربارەی رووداوەکە ڕایگەیاند، کەڵەشێرەکە دەمە شەقۆیەیی بە قاچەوە کراوە بۆ ئەوەی  لە شەڕدا لەگەڵ کەڵەشێری بەرامبەردا بەکاری بهێنێت، کاتێک خاوەنەکەی هەڵدەستێت کەڵەشێرەکەی بخاتە گۆڕەپانەکەوە، لە کاتی خۆ راپسکاندنی لە دەستی خاوەنەکەی رادەکات، لەو کاتەکەدا کە ویستوویەتی بیگرێتەوە، بەهۆی جوڵەی خێرای قاچییەوە دەمی تیژی چەقۆکە دەچێت بە لا ڕانی خاوەنەکەیدا و تووشی خوێنبەربوونی دەکات.

سەرباری چەند هەوڵێک بۆ ڕاگرتنی نەزیفی خوێنەکەی، بەڵام بێ ئاکام دەبێت و  لە کاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بەر لە وەی بگات، خاوەنی کەڵەشێرەکە گیان لەدەستدەدات.

شەڕە کەڵەشێر بە یارییەکی نایاسایی دادەنرێت لە هیندستان و لە ئێستاشدا پۆلیس بەشوێن ١٥ کەسدا دەگەڕێت، کە بەشداری رووداوەکە بوون.

ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا بڵاویکردەوە، ئەو کەسانەی بەشداری یاریکە بوون، بە گوێرەی یاسای هیندستان تۆمەتی کوشتنی نا ئەنقەستیان دەدرێتە پاڵ، چونکە هەموو گرە و کردنەکان و بانگهێشتکردنی کەڵەشێرەکان نایاساییەوە.

ئەفسەری لێکۆڵینەوەی پۆلیس رایگەیاند، کەڵەشێرەکەش وەک بەڵگەی تاوان پێشکەش بە دادگا دەکرێت.

لە ساڵی ١٩٦٠وە شەڕە کەڵەشێر لە هیندستان بە یاسا قەدەغەکراوە، بەڵام تا ئێستاش لە ناوچە گوندنیشین و دوورە دەستەکان بەر بڵاوە و گرەوی پارەی لەسەر دەکرێت.

ئەوە یەکەم جار نییە لە هیندستان لە شەڕە کەڵەشێردا کەسێک گیان لە دەست بدات، ساڵی ڕابردووش لە ڕوداوێکی هاوشێوەدا پیاوێک لە ویلایەتی (ئەندرا برادیش)ی ئەو وڵاتە  بەهۆی بەرکەوتنی دەمەچەقۆیەکی قاچی کەڵەشێرێک بەر قوڕگی بەر لەوەی بگاتە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا.