وەزیری پەروەردە: ئەو مامۆستایەی بە قۆپیە دەرچووە فەرمانبەری ئێمە نیە

28/02/2021
فۆتۆ: 

وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی ئەو مامۆستایەی وتبووی زۆرینەی قۆناغەكانی خوێندنی بە قۆپیە و گزی دەرچووە رایگەیاند، فەرمانبەری ئەو نیە بۆیە ناتوانێت لێپرسینەوەی لێبكات، بابەتەكە پێوییستی بە لێكۆڵینەوەی یاسایی هەیە.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری (ژیان) وەزیری پەروەردە، لەبارەی ئەو مامۆستایەی لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا وتبووی زۆرینەی قۆناغەكانی خوێندنی بە قۆپیە دەرچووە، رایگەیاند: ئێمە لە وەزارەتەكەی خۆمان رێكاری تایبەتیمان هەیە بۆ رێگریكردن لە گزی، ئەو بەڕێزە خاوەنداری هیچ پەیمانگایەك نیە. 

ئەو وتیشی: ئەو پەیمانگایەی ئەو ناوی هێناوە هەیە، بەڵام خاوەندارێتیەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كەسێكی دیكە، ئەو بەڕێزە فەرمانبەری ئێمە نیە، بە گوێرەی یاسا ئێمە دەتوانین لەگەڵ فەرمانبەرەكانی خۆمان لێكۆڵینەوە بكەین، ئەم بابەتەش پێویستی بە لێكۆڵینەوەی یاسایی هەیە، بۆیە دەبێت رێگە بدەین یاساییەكان قسەی خۆیان بكەن.  

دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری رۆشنبیری و كەناڵەكانی میدیا، وەزیری پەروەردە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، كۆبوونەوەكەیان تایبەت بووە بە گفتوگۆ لەبارەی رێكارەكانی خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا. 

ئاشنا فەلاح، بەڕێوەبەری پەیمانگایەكی پەروەردەییە لە شاری سلێمانی، لە بەرنامەیەكی كەناڵی (ئاڤا تیڤی) وتی من لە پۆلی دووی ناوەندیەوە هەموو قۆناغەكانم بە قۆپیە دەرچووە، وتیشی ئێستا لە زانكۆ فەرمانبەرە. 

ئەوەش كاردانەوەی لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان لێكەوتەوە و لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی كوردستانیش بە نوسراوێكی تایبەت داوا هەریەكە لە وەزارەتی رۆشنبیری و پەروەردە و خوێندنی باڵا دەكات لێكۆڵینەوە لەو بابەتە بكەن.