مرۆڤ و نەفرت لەنێوان مارک توێن و ئارام عەلی دا

28/02/2021
فۆتۆ: 

هونەر تۆفیق

ئەدەواتی دەربڕینی بیرکردنەوەی مرۆڤ فرەکایەیە . چۆن نوسین دەتوانێت بیرکردنەوە نیشان بدات ، ڕەنگ و تابلۆ هونەریەکانیش بەهەمان شێوە  ، دەربڕینی بیرکردنەوەی کەسی شێوەکارەکەن .

 کەسایەتیەکانی ناو تابلۆکانی ئارام عەلی بەردەوام دەمترسێنێت و شپرزم دەکەن . بۆ ئەوەی پێ ی ڕابێم ، ماوەیەک ئیشێکم لە ساڵۆنەکەی ماڵەوەدا هەڵواسیبوو . بەڵام نەمدەوێرا سەیری بکەم . ئیتر لەو کاتەوە دەمەوێت تێبگەم بۆ بەرگەی سەیرکردنی ناگرم !؟

بەلای مارک توێنەوە مرۆڤ دڕندەترین مەخلوقە تا ئێستا هاتبێتەبوون . ئەو سەبارەت بە گەشە و پەرەسەندنەکەی دارۆین دەڵێت : مرۆڤ نە گەشەی کردووە و نە پەرەی سەندووە ، بەڵکە لە ئەخلاقی سروشت لایداوە . چونکە ئاژەڵ بەقەد برسیەتیەکەی کوشتار دەکات . بەپێ ی غەریزەی برسیەتی ، ئاژەڵێکی تر لەناو دەبات ، کاتێک تێردەبێت ، لەسەر جیاوازی عەقیدە و نەتەوە و سیاسەت ئاژەڵەکانی تر ناکوژێت .

ئەم تێڕوانینەی مارک توێن لە ئیشەکانی ئارامدا هەمان پۆلێنکردنی پێچەوانەی دیدە دارۆینیەکەیە بۆ گەشە و پەرەسەندنی مرۆڤ . ئەوەی دارۆینیزم بەجوانی دەزانێت لای ئارام و توێن نەفرەت و ناشیرینی یە . پەرەسەندنی مرۆڤ ئارامیانە لە کلاسی ئاژەڵەوە بۆ سەرەوە بەرەو مرۆڤ بوون جوانی نیە . چونکە(  خۆی وەک مرۆڤێکی گۆشت نەخۆر) وەهای دەبینێت کە مرۆڤ بەرەو ناشیرینی و دڕندەی و لادان ئەخلاقی سروشتی گۆڕاوە ، ئەو وەک مارک توێن مرۆڤ فڕێ دەداتەوە خوارەوە بۆ ئاستە سەرەتاییەکەی پێش پەرەسەندن . بۆیە فیگۆر و سیمای کەسایەتیەکانی ناو ئیشەکانی ئارام مرۆڤی شێواو و لە چاوی بینەرەوە بێزارکەرن .کاتێک سەیر دەکرێن ، حەقیقەتی مرۆڤی نەفرەتی نیشانی مرۆڤ خۆی دەداتەوە . ئێمەش زۆرینەمان نامانەوێت خۆمان لەناو ئەو ڕاستیەدا ببینیەوە کە کائینێکی هەڵنەکەرین تەنانەت لەگەڵ وێنە ڕاستەقینەکانی خۆشماندا کە ئارام نیشانمان ئەداتەوە.