ئێران رەتیکردەوە دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکادا بکات

28/02/2021
فۆتۆ: 
تاران

رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، ئێران رەتیکردووەتەوە دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکادا بکات.

رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵی ئەمریکی لەزاری دوو دیپلۆماتکاری باڵای ئەوروپا بڵاویکردووەتەوە، حکومەتی ئێران پێشنیازی یەکێتی ئەوروپای بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکای، سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی رەتکردووەتەوە و ئەوەش پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتن ئاڵۆزتر دەکات.

ئەو دوو دیپلۆماتکارە ئاشکراشیانکردووە، ئێران ئامادە نییە بەشداری دانوستانێکی لەو شێوەیە بکات و دەیەوێت یەکەمجار گەرەنتی ئەوەی پێبدرێت، پاش ئەو دانیشتنە، ئەمریکا بەشێک لە گەمارۆکانی لەسەر وڵاتەکەی هەڵبگرێت.

 ئەوەشیان خستووەتەڕوو، لە بەرامبەردا ئەمریکا ئامادەیی دەربڕیوە بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بکات کە یەکێتی ئەوروپا هیوای خواستووە لە چەند رۆژی داهاتوودا میوانداری بکات، بەڵام رەتیکردووەتەوە سزاکانی لەسەر ئێران سوک بکات بەرلەوەی راستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە دابنیشن.

ئەو دوو دیپلۆماتکارەی ئەوروپا راشیانگەیاندووە، رەتکردنەوەی پێشنیازەکەی یەکێتی ئەوروپا لەلایەن ئێرانەوە، هەموو هیواکان بۆ دانیشتنی راستەوخۆ لە چەند مانگی داهاتوودا ناکوژێت و پێدەچێت، تاران بیەوێت بەوشێوەیە دەستکەوتی باش لە گفتوگۆکانی داهاتوودا بەدەست بهێنێت.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، پێشبینی دەکرێت پێش هاتنی سەری ساڵی هەتاوی و لە مانگی ئازاردا، ئەو دانیشتنە ئەنجام بدرێت.

پێشتر ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتننامەی ئەتۆمیی کە ساڵی ٢٠١٥ لە نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 دا ئیمزاکرا، بەڵام نایەوێت سزاکانی لەسەر تاران سوک بکات، تا ئەوکاتەی کە ئێران هەنگاوی پێویست بۆ گەڕانەوە بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی ناو ڕێککەوتنەکە دەهاوێژێت.