گەڕانەوەی پارتی بۆ بەغدا

01/03/2021
فۆتۆ: 

پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەوڵی چڕ و بەردەوامدایە بۆ ئەوەی بچێتە ناو هاوپەیمانێتییەکی شیعی- سوننی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەو مەبەستەش شاندێکی بەردەوام بە رێگەی بەغداوەیە.

ئەم هەنگاوە نوێیەی پارتی روبەرووی رەخنە بووەتەوە، بەتایبەتی کە سەردەمانێک بوو ئەو حزبە بانگەشەی ئەوەی دەکرد لە عێراق جیادەبێتەوە و دەبێتە دراوسێیەکی باش و ئابووری سەربەخۆ بۆ هەرێم دابین دەکات و کاری بە عێراق نامێنێ.

جگە لە بەشداریکردن لە هاوپەیمانێتییەکە، پارتی لە هەوڵی توندوتۆڵکرنەوەی پەیوەندییەکانیدایە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، دەیەوێت ئەو پێگەیە بەدەستبێنێت لە بەغدا قسەی سەرەتا و کۆتایی لەبارەی هەرێمەوە خۆی بیکات، نایەوێت هەمان ئیحراجی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراقی بۆ دروست بێتەوە کاتێك بە هەموو هەوڵێکی نەیتوانی لایەنە عێراقییەکان رازی بکات دەنگ بە فوئاد حوسێن بدەن.

پارتی کە خاوەنی 25 کورسییە لە پەرلەمانی عێراق، ترسی ئەوەی هەیە جارێکی تر تووشی پەراوێز خستنەوە ببێت، بە تایبەت کە ئێستا دوو فراکسیۆنی بەهێزی کوردی کە وتاریان لە بەغدا لێکنزیکە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق هەیە کە ئەوانیش فراکسیۆنی سەوز و فراکسیۆنی هاوپەیمانی هیوای کوردستانییە.

ئەو دوو فراکسیۆنە لە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق  بەتایبەت لەسەر پرسی نەوت و بودجە بۆچوونیان لێکنزیکە و وەک خۆیان دەڵێن مەنتیقیانە مامەڵە دەکەن، حکومەت و لایەنە عێراقییەکانیش زیاتر مەیلیان بەلای ئەم دوو فراکسیۆنەدایە.

چاودێرانیش ئەوە بە هۆکاری سەرەکی چڕکردنەوەی هەوڵەکانی پارتی دەزانن لە بەغدا و لەو بارەوە دەڵێن، زۆر زەحمەتە جارێکی دیکە پارتی دیموکراتی کوردستان بتوانێت لە بەغدا بە تەنیا قسەی کۆتایی بکات، هەر ئەوەش هۆکار بووە بچێتە ژێرباری رێککەوتن لەگەڵ بەغدا.

شارەزایانی سیاسی جەخت لەوە دەکەنەوە، لەماوەی رابردوو، پارتی دوو هەڵەی ستراتیژی کرد بەوەش هەرێمی کورستانی خستە قەیرانێکی گەورە و پەیوەندییەکانی خۆیشی خستە کێشەوە، کە ئەوانیش ریفراندۆم و راگەیاندنی ئابووریی سەربەخۆ بوون.

ئەو دیمەنەی ئێستا لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق دەگوزەرێت زۆر نزیکە لە چەند رووداوێکی سەردەمی مەلا مستەفای بارزانی و باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی کە لەم راپۆرتەدا بەشێکی لێ دەگێڕینەوە.

کاتێک بەعسییەکان لە عێراق دەسەڵاتیان گرتەدەست، بەهۆی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ حزبە شۆڕشگێڕەکانی عێراق، باڵی مەکتەبی سیاسی کە مام جەلال و ئیبراهیم ئەحمەدی تێدا بوون، وەک حزبێکی خاوەن نفوس بەشداریان لە حکومەتی عێراق کرد، مەکتەبی سیاسی پرۆژەی رێککەوتنێکیان لەگەڵ حکومەتی عێراق گەڵاڵەکرد، ئەو کات مەلامستەفا و باڵی مەکتەبی سیاسی لە کێشەدابوون، سەرەڕای ئەوەش مەکتەبی سیاسی لەگەڵ ئەوە بوون حکومەتی عێراق بۆچوونی مەلا مستەفاش وەربگیرێت.

تاوەکو رێککەوتنی 29ی حوزەیرانی 1966 ئامادە کرا، مەلا مستەفا رێککەوتنەکەی بینی و پەسەندی کرد.

تەها محێدین مەعروف وەک کەسێکی نزیک لە باڵی مەکتەبی سیاسی،  پۆستی وەزیری ئیسکانی وەرگرت، لەو کاتە بەدواوە ناوچە کوردییەکان لە چوارچێوەی هەوڵەکانی باڵی مەکتەبی سیاسی کوردستان لە رووی ئابووری و کشتوکاڵ و خوێندن و چەند بوارێکی دیکە بوژایەوە.

بەڵام ئەو سەرکەوتنەی باڵی مەکتەبی سیاسی بە مەلا مستەفا هەزم نەکراو تووڕە بوو، جارێکی دیکە کەوتەوە دژایەتی کردنی باڵی مەکتەبی سیاسی و ئیبراهیم ئەحمەد و مام جەلال.

ئەوانیش بە مەلا مستەفایان دەوت ئەگەر هەبوونی پەیوەندی لە گەڵ عێراق و وەرگرتنی پۆست خراپە، ئەی بۆچی ئێوە هەتانە. 

زۆربەی شارەزایانی ئەو سەردەمە وای بۆ دەچوون، بارزانی ویستوویەتی لە گۆڕەپانی سیاسی تەنیا خۆی هەبێت، زۆری پێنەچوو  بە هاندانی شای ئێران، تورکیا و ئەمریکا مەلا مستەفا جارێکی دیکە شەڕی لەگەڵ حکومەتی عێراق هەڵگیرساندەوە کە وەک بەشێک لە مێژنووسان دەڵێن لەو کاتەدا باشترین حکومەت بوو بۆ بوژاندنەوە و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان، بەڵام هەڵگیرسانەوەی شەڕ هەموو پرۆژەکانی راگرت.

لە 11ی ئازاری 1970 شەڕ ڕاگیرا و مەلامستەفا رێککەوتنێکی دیکەی لە گەڵ عێراق واژۆکرد، بەپێی رێککەوتنەکە چالاکییەکانی باڵی مەکتەبی سیاسی قەدەغەکرا، مەلا مستەفا وەزارەتی کاروباری باکور و چەند وەزارەتێکی دیکەی وەرگرت، ئەو کارەی بارزانی کردی هەمان ئەو کارە بوو کە باڵی مەکتەبی سیاسی کردیان ئەو بەلایەوە خیانەت و جاشێتی بوو لە کاتێکدا باڵی مەکتەبی سیاسی بە مەرجی دانابوو گفتوگۆ لەگەڵ بارزانی بکرێت، کەچی ئەو گۆڕەپانی سیاسی بۆخۆی مسۆگەر کرد و باڵی مەکتەبی سیاسی و کەسایەتییەکانی خستە دەرەوەی خەباتی نەتەوەیی تا ئەو کاتەی بارزانی بە فەرمانی شای ئێران ئاشبەتاڵی راگەیاند.

رەخنەگران دەڵێن، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی نیو سەدە بەسەر ئەو رووداوانە پارتی و کوڕ و کوڕەزاکانی بارزانی هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکەن، هەر رێککەوتنێک لە رێگەی خۆیان و بەفەرمانی خۆیان بێت بە کوردایەتی و خەباتی نەتەوەیی دادەنێن  بەپێچەوانەوە بە عێراقچێتی و مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێم دایدەنێن، هەرچی میدیای حیزبی سێبەر هەیە دژی دەخەنە گەڕ هەرچەندە بۆ خەڵکیش لەو پەڕی باشیدابێت.

ئێستا چەند فراکسیۆن و پەرلەمانتارێک لە هەوڵدان بۆ ئەوەی دۆسییەی نەوت تەنیا لە لایەن حزبێکەوە کۆنترۆڵ نەکرێت و موچەی فەرمانبەران نەبڕدرێت دۆسییەکە بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بەڕێوەببرێت بۆ مسۆگەرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بەڵام پارتی بە عێراقچێتی تۆمەتباریان دەکات هەندێک کاتیش بەوە تۆمەتباریان دەکات مەترسین بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەڵام کە هەڵبژاردن نزیکەی 8 مانگی ماوە پارتی لەبری ئەوەی بکەوێتە هەوڵ بۆ کۆکردنەوە و رێکخستنەوەی لایەنە کوردستانییەکان کەوتووەتە هەوڵ و تەقەلا بۆ بەستنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ رەوتی حیکمە  یان هاوپەیمانی سائیروون بەشێک لە سوننەکان .

ماوەیەک پرۆژەیەکی گەرموگوڕ هەبوو بۆ گواستنەوە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆسەر حکومەتی عێراق بەڵام پارتی پرۆژەکەی بە عێراقچێتی و مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێم دەزانی لە کاتێکدا بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی ئەو حزبە موچەی خۆیان و پاسەوانەکانیان لە بەغدا وەردەگرن.

لە دوای هەڵبژاردنی سەرکردایەتی نوێ، یەکێتی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی دارایی و دارایی سورە لەسەر ئەوەی حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی دەستور لەگەڵ عێراق رێکبکەوێت، فراکسیۆنەکانی دیکەش پشتیوانی ئەو بۆچوونەیان دەکرد.

سەرەتا پارتی دوودڵ بوو لەوەی کە بەغدا لەبارەی بودجە و موچەوە لەگەڵ هەرێم رێکبکەوێت بە موفلیس ناویان دەبرد ئێستا کە نزیکبوونەتەوە لە رێککەوتن  و خەریکە دەبێتە ئەمری واقیع، پارتیش لە نزیکبوونەوە لە لایەنە عێراقییەکان درێغی ناکات لەبەرئەوەی یاسای هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی هاوپەیمانی و حیزبە گەورەکان هەموار کراوەتەوە دەیەوێت لە رێگەی بەشداریکردن لە هاوپەیمانێتییەکی گەورە زۆرترین دەستکەوت و پۆست بۆ حزبەکەی بچنێتەوە.