کەس مافی نییە عێراق بەکاربهێنێت بۆ ناردنی پەیام بۆ کەسانی دیکە

01/03/2021
فۆتۆ: 

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق رەتیدەکاتەوە خاکی وڵاتەکەی بەکاربهێنرێت، بۆ ناردنی پەیام و نامە بۆ کەسانی دیکە، جەختیشیکردەوە هێزە ئەمنییەکان بەشوێن ئەو گروپە لە یاسا دەرچوانەوەیە کە دەیانەوێت لەڕێگەی هێرشە موشەکەکانیانەوە پەیامەکان تێکەڵ بکەن.

کازمی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئەو موشەکانەی کە ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا و بنکەکانی ئەمریکا دەکرێن، پەیوەندییان بە تۆڵەکردنەوەی قاسم سولەیمانی، یان بۆ فشار خستنە سەر ئەمریکا بۆ ئەوەی پەلە بکات لە هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان و دەستکردن بە گفتوگۆکردن.

کازمی لە دیدارێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (شەرق ئەوسەت)دا وتی "لای خۆمانەوە وای دەبینین کە باشترین ڕێگە بۆ گێڕانەوەی دۆخەکە بۆ ڕێڕەوی خۆی لەسەۆ ئاستی پەیوەندییە سروشتییەکان لە ناوچەکە و لە ڕوانگەی بەرژەوەندی هاوبەش، تاکە ڕێگە گفتوگۆی دیپلۆماتی و گەیشتە بە سەر مێزی گفتوگۆمان، بە ئامانجی دۆزینەوەی شارەسەرێکی هاوسەنگ، کە بەرژەوەندی و داوای هەموو لایەکی تیا لەبەرچاو بگیرێت".

سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی "بەڵام بەکارهێنانی هێز و ئاماژەدان بە هۆکار و چارەسەری دیکە، یان شێوازی بەکارهێنانی دەستی تر، ئەوە گرەوێکی دۆڕاوە لە داهاتوودا خزمەت بە بەرژەوەندی هیچ کەسیک ناکات، بەڵکو پێچەوانەی بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکەیە و دەبێتە هۆی نائارامی و ئاڵۆزی تیایدا".

کازمی جەختیکردەوە، دەزگا ئەمنییەکانی عێراق بەشوێن ئەو گروپەکانی دەرچوو لە یاسان ، کە دەیانەوێت بە موشەکە هاویشتن پەیامەکان تێکەڵ بکەن، کەسانیش کە دەستیان لەو کارانەدا هەیە دەستگیر کراون و بەم نزیکانەش ڕادەستی دادگا دەکرێن.

لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا کازمی جەختیکردەوە، یەک ئاراستەیان هەیە ئەو یش ئاراستەی دەولەتی عێرا و ڕێزگرتنە لە یاسا و ڕێککەوتن و بڕیارەکانی، بڕیاری جەنگ و ئاشتی بڕیاری دەوڵەتە، نەک بڕیارێک بێت تاک  یان گروپ بیدات، هەر پێشێلکارییەک بۆسەر بڕیارەکانی دەوڵەت، بە دەسەلاتی یاسا و بڕیاری پرلەمان و دەوڵەت ڕووبەڕووی دەبنەوە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک کەس لایان وایە دەتوانن لە بیری دەوڵەت بریار بدەن، ئەوانە کەمینەکەی دەرچوون لە یاسا، بەشوێنیانەوەن و مەبەستە خراپەکانیان ئاشکرا دەکەن.

لە کۆتایی وتەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ ناردنی پەیامی سیاسی، تەنها لەڕێگەی دیپلۆماتی و سیاسییەوە ڕێگە پێدراوە، بەڵاک پەیامەکان موشەک و تیرۆر بێت ئەوە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە پێدراو نییە، هیچ دەوڵەتێک بۆ ینییە لەسەر حسابی ئاسایش و ئارامی عێراق نامە و پەیام بۆ کەسانی دیکە بنێرێت، عێراق بە حکومەت و گەل و هێزە سیاسییەکانییەوە، دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ڕەتدەکاتەوە.