ئەمەلی زۆر هەیە ئەم هەفتەیە هەرێم و بەغدا بگەنە رێککەوتن

01/03/2021
لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان
فۆتۆ: ئەرشیڤ
سلێمانی

هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، ئەمەلی زۆر هەیە ئەم هەفتەیە هەرێم و بەغدا بگەنە رێککەوتن.

لە میانی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسی یادکردنەوە لە قادری حاجی عەلی، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئەمەلی زۆر هەیە ئەم پێنجشەممەیە، هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق، سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکانیان بگەنە رێککەوتن.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئەگەر هەرێم و بەغدا رێکنەکەون، چی روودەدات؟، لاهور شێخ جەنگی وتی، "هەر رێکدەکەون".

پێشتریش د.ئەحمەد سەفار بڕیادەری لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، لەم هەفتەیدا جارێکی دیکە شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بەغدا و پێشبینی دەکرێت ئەمجارە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی بگەنە رێککەوتن.

ئاماژەی بەوەشکرد، تاوکو ئێستا لایەنە شیعەکان رێگربوون لەبەردەم رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام لەئێستادا ئەوانیش یەکلابوونەتەوە و خۆیان ئامادە کردووە، لە دانیشتنێکدا لەسەر مادەی ١١ لەگەڵ هەرێم بگەنە ئەنجامێک کە بەرژەوەندی هەردوولای تێدابێت.

بەمەبەستی رێککەوتن لەسەر بودجەی ٢٠٢١ی عێراق و جێگیرکردنی پشکی هەرێم لە بودجەکەدا، تاوەکو ئێستا شاندی دانوستانکاری هەرێم زیاتر لە 10 جار سەردانی بەغدایان کردووە و لەگەڵ حکومەت و سەرجەم لایەنە سیاسیەکان و لیژنەی دارایی و پەرلەمانتاران چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە و ئامادەیی خۆیان بۆ ڕادەستکردنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەربڕیووە، بەڵام بەشێک لە لایەنە سیاسیە شیعەکان، داوای ڕادەستکردنی کۆی دۆسیەی نەوتی هەرێمیان کردووە.