لە کەرکوک نرخی ئەمپێری کارەبای موەلیدە بۆ مانگی شوبات دیاریکرا

01/03/2021
فۆتۆ: 
کەرکوک

نرخی ئەمپێری کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان بۆ مانگی شوبات لە کەرکوک دیاریکرا، کە نرخەکەی لەنێوان 8500 بۆ 9500 دینارە.

لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان و قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی کەرکوک و یاریدەدەری پارێزگاری کەرکوک بۆ کاروباری هونەری، نرخی ئەمپێری موەلیدەیان بۆ مانگی شوبات لە پارێزگاکە دیاریکرد.

فەلاح یایچلی قائیمقامی کەرکوک بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، بۆ مانگی شوبات نرخی ئەمپێری موەلیدە بەپێی گەڕەکە جیاوازەکان لەنێوان 8500 بۆ 9500 دیناری عێراقی دیاریکراوە.

وتیشی، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای موەلیدە بەم شێوەیە دەبێت کە ڕۆژانە جگە لە ڕۆژانی قەدەغەی هاتووچۆ، لە کاتژمێر 6:30 خولەکی بەیانی تا کاتژمێر 8 بەیانی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان دەدرێت، پاشان لە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ تا کاتژمێر 12ی شەو کارەبای موەلیدە بەهاوڵاتیان دەدرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆژانی هەینی و شەممە و یەکشەمە کە ڕۆژانی قەدەغەی هاتووچۆن، بەیانیان کارەبای موەلیدە نادرێت و لە کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆوە تا 12ی شەو کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان دەدرێت، وتیشی، بە سیستمی کارپێکردنی موەلید ئەهلییەکان، هەر چوار کاتژمێر جارێک، کاتژمێرێک پشوو بدرێت بە موەلیدەکان.

فەلاح یایچلی قائیمقامی کەرکوک جەختی لەوەشکردەوە، هەر خاوەن موەلیدەیەک پابەندی بڕیار و ڕێنماییەکان نەبێت، بەبڕی 500 هەزار دینار سزا دەدرێت .