پەرلەمانی عێراق یاسای ژنانی ئێزدی ڕزگاربووی دەستی داعشی پەسەند کرد

01/03/2021
فۆتۆ: 

لە دانیشتنی ئەمڕۆی خۆیدا پەرلەمانی عێراق، پڕۆژە یاسای ژنانی ئێزدی ڕزگاربووی دەستی داعشی پەسەند کرد.

پڕۆژە یاساکە جێبەجێ دەکرێت لەسەر ئەو ژنە ئێزدیانەی کە لە لایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێنران و دواتر ئازاد کران.

یاساکە هەموو ئەو ژنە ئێزدیانە دەگرێتەوە کە لە دوای ١٠/٦/٢٠١٤ وە لە لایەن چەکدارانی داعشەوە لە شنگال و دەوروبەری ڕفێنران.

بەڕێوەبەرایەتیەکی گشتی دادەمەزرێت بۆ کاروباری ژنانی ڕزگابووی ئێزدی و ڕاستەوخۆ پەیوەست دەبێت بە ئەمینداریەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە.

بەگوێرەی یاساکە  ئەو ژنانە لە ڕووی مادی و مەعنەوییەوە قەرەبوو دەکرێنەوە، لەگەڵ دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان، هەروەها دوووبارە ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە ژنانی ڕزگاربووی لی نیشتەجێیە و تێکەڵکردنەوەیان بە کۆمەڵگە.

مووچەیەکی مانگانە بۆ ئەو ژنانە دەبڕدرێتەوە، کە کەمتر نابێت لە دوو هێندەی موچەی خانەشینی.