گۆڤارێکی نوێی ئەدەبی بڵاودەبێتەوە

02/03/2021
فۆتۆ: 

لە پێناو گرنگیدان بە (ئەدەب و ھونەر) بەمزوانە گۆڤارێک بڵاودەبێتەوە

بڕیارە بەم نزیکانە (وانەر) بڵاوبێتەوە، کە مانای ناوی گۆڤارەکە بە زاراوەی ھەورامی واتە (خوێنەر).

لە ڕووی قەبارەوە لە (٢٠٠) لاپەڕەدا خۆی دەبینێتەوەو لەلایان دیزاینەر (ئومێد محەمەد)ەوە، کاری ھونەری و دیزاینی بۆ دەکرێت و یەکێک دەبێت لە بەرھەمەکانی پەیمانگای (ماگرێت) و بە سپۆنسەری دارایی (دکتۆر تەھا ڕەسوڵ) چاپ و بڵاودەکرێتەوە.

شاخەوان سدیق سەرنووسەر و سەرپەرشتیاری گۆڤارەکە تایبەت بە (ژیان) وتی" بیرکردنەوە لە دەرکردنی گۆڤارێکی ئەدەبی لە ئێستادا کە ھەرێمی کوردستان بە کۆمەڵێک قەیرانی (سیاسی و ئابوری و تەندروستی)دا تێدەپەڕێت، ھەروا کارێکی سانا نییە، بەڵام ھەستکردن بە بۆشایی ڕۆژنامەوانی و شوێنێک بۆ بڵاوکردنەوەی بابەت و بەرھەمی نووسەران و ئەدیبان وایی کردوە کە شانبەینەبەر کارەکەو بەخۆشحاڵیەوە دەست پێبکەین.

وتیشی" گۆڤارەکە گرنگی بە بوارەکانی (لێکۆڵینەوەو، نووسین و دیداری ئەدەبی و شیعرو و چیرۆک و ڕەخنەیی ئەدەبی) جگە لەوانەش گۆڤارەکە گرنگی بە ھونەرەکانی (شێوەکاری و مۆسیقا و شانۆ و دراماو سینەما)دەدات. 

ئەوەشی خستە ڕوو کە (دکتۆر تەھا ڕەسوڵ) وەک یەکێک لە کەسایەتیە ئەدەب دۆستەکانی شاری سلیمانی و وەک سەرمایەدارێک کە ھەمیشە ڕۆڵی گرنگی لە ھاوکاریکردنی نووسەر و ھونەرمەندادا ھەبووە، بەخۆشحاڵیەوە ئامادەیی بۆ سەرخستن و بە ئەنجام گەیاندنی گۆڤارەکە دەربڕیوە کە ئەوە جێگای دەستخۆشی و دڵخۆشیە لەوەی کە سەرمایەدارانیتریش چاو لەو بەرێزەبکەن بۆ پشتگیرکردن لە بواری ئەدەب و ھونەر کە برشبڕەی پێشکەوتنی کۆمەڵگان.

شاخەوان سدیق" ئەوەشی ئاشکراکرد کە لە ژمارە یەکی گۆڤارەکەدا فایلێکی تایبەت لەسەر نووسەر و ڕۆماننووس (بەختیار عەلی) بڵاودەکرێتەوە کە تیایدا نووسەر خۆی بە دیدارێکی نوێی تایبەت بە گۆڤارەکە بەشدار دەبێت. وتیشی"لە ئێستادا سەرقاڵی دیزاینکردنی گۆڤارەکەن و بڕیارە مانگی سێی ئەم ساڵ ژمارە یەکی گۆڤارەکە بڵاوبکرێتەوە.