ئاکپارتی: لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان کاردەكەین بۆ داخستنی هەدەپە

02/03/2021
فۆتۆ: 
ئەنکەرە

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئەکەپە) لە پەرلەمانی توركیا رایگەیاند، لەگەڵ هاوپەیمانەكانیان کاردەكەن بۆ داخستنی پارتی دیموکراسی گەلان (هەدەپە).

جاهید ئۆزكان، جێگری سەرۆكی فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئەكەپە) لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە پەرلەمان باسی لە گفتوگۆكانی داخستنی پارتی دیموكراسی گەلان (هەدەپە) كرد و رایگەیاند، "وەك هاوپەیمانیی سەرۆك، ئەكەپە و مەهەپە بە تێگەیشتنێك لە هەمان ئاراستەدا سیاسەت دەكەین و هیوادارین كە هەدەپە لە بەردەم گەلەكەمان دابخرێت" .

وتیشی، "گەلەكەمان چیتر هیچ ئومێدێكی بەم پارتە نییە، 83 ملیۆن خەڵكی توركیا دەیانەوێت داخستنی ئەم پارتە هەم لە ڕووی سیاسیەوە و هەمیش لە ڕووی یاساییەوە لە چوارچێوەی فەرمانی دەستوریدا كۆتایی پێبهێندرێت" .

جێگری سەرۆكی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا راشیگەیاند، "هەموو ئەوانەی کە دەنگیان بە هەدەپە داوە، بۆ ئەوە نەبووە تا ئەو حزبە پشت بە قەندیل ببەستێ، بەڵکو بۆ ئەوە بوو تا لەم وڵاتەدا بە برایەتی و لە ئارامیدا بژین، بۆیە هەوڵدەدەین هەدەپە لەڕووی سیاسی و یاساییشەوە دابخرێت".

ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەیەکە لە توركیا هەوڵێك هەیە بۆ داخستنی پارتی دیموکراسی گەلان (هەدەپە) لەلایەن پارتی دەسەڵاتدار، پارتی داد و گەشەپێدان (ئەکەپە) و هاوپەیمانەکانی.