ئاڵدار خەلیل: ئەوانەی دوێنی داعش بوون، ئەمڕۆ لە هەولێر پێشوازیان لێدەکرێت

03/03/2021
فۆتۆ: 

هاوسەرۆكایەتی پەیەدە رایگەیاند، ئەو داعشانەی پێش سێ ساڵ بە كیلۆمەترێك نزیكی هەولێر بوونەوە ئەمڕۆ بە گەرمی پێشوازیان لێدەكرێت.

دوای سەردانی نەسر حەریری، سەرۆكی هاوپەیمانی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كاردانەوەی پەیەدەی لێكەوتەوە. 

ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی هاوسەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكراتی سوریا لە تویتێكدا رایگەیاند: ئەو هێزانەی بەشداری جینۆساید و ئاوارەكردنی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بوون ئێستا لە هەولێر وەك سیاسەتمەدار و دتپلۆماتكار پێشوازیان لێدەكرێت. 

بەرپرسەكەی پەیەدە راشیگەیاند "چەتە و تیرۆریسەكانی كە گەلی عەفرینیان كۆچبەر كرد و جینۆسایدیان لەسەر ئەنجامدان، هەمانشتیان لە سەرێ كانی و گرێ سپی كرد بە جلی سیاسەتمەدار و و دیبلۆماتەوە دەچنە هەولێر". 

نەسر حەریری بە سەردانێكی سێ ڕۆژە لەگەڵ حەمید دەربەندی بەرپرسی دۆسیەی سیاسی سوریا لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كۆبووەتەوە و گفتوگۆیانكردووە دەربارەی دۆخی مەیدانی و سیاسی سوریا و دۆسیەی ئاوارەكان. 

ئەوەش لە كاتێكدایە كە هاوپەیمانی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا لە كاتی هێرشی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان هێزە سەربازیەكانیانی ئەو گروپانە لە دژی هەسەدە شەڕیان كرد.