کەجەکە: پارتی عومەر بارتانی ڕادەستی تورکیا کردۆتەوە

03/03/2021
فۆتۆ: 

کەجەکە ڕاگەیەندراوێکی لەسەر رادەستکردنەوەی عومەر بارتان بە تورکیا بڵاوکردوە و دەڵێت پارتی ئەو کارەی کردوە.

کەجەکە لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەشڵێت پارتی جاروبار بۆ دڵخۆشکردنی تورکیا سیاسەتمەدارانی کورد رادەستی تورکیا دەکات، ئەو کارانەش هەموو کورد ئازار دەدات و داوا دەکەین پارتی دەست لەو کارانەی هەڵگرێت.

کەجەکە ئاماژەی بەوەشکردوە عومەر بارتان بەهۆی کارە سیاسییەکانییەوە لە تورکیا داگایی و زیندانیی کرابوو، هاتبوو بۆ  باشووری کوردستان، لەبری ئەوروپا ڕووی لە باشووری کوردستان کرد، بەڵام لە باشووری کوردستان ڕووبەڕووی دۆخێک بوویەوە، کە چاوەڕێی نەدەکرد.

کەجەکە ڕاشیگەیاندوە ڕادەستکردنی ئەو سیاسەتمەدارە بە تورکیا، بە مانای ئەوەیە، کە پارتی داکۆکی لە پاساوەکانی دەوڵەتی تورک بۆ دەستگیرکردن و زیندانیکردنی کوردان دەکات .

کەجەکە ئاشکراشیکردوە پەیوەندییەکانی پارتی لەگەڵ دەوڵەتی تورک زیانی گەورە بە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد دەگەیەنێت، بۆ ئەوەى هەندێک شەڕڤان هەڵبێن سیاسەتی هاندان بەڕێوەدەبات، هەروەها بە ڕادەستکردنی ئەو کەسانە بە تورکیا، یارمەتی و هاوکاریی دەوڵەتی تورک دەکات.

دەشڵێت ئەو هەڵوێست و ڕەفتارانەی پارتی هەڵوێست و رەفتارێک نییە، کە حزبێکی کورد لە خۆی نیشانی بدات، زۆرێک لە ئەندامان و شەڕڤانانی پەکەکە، کە هیچ پەیوەندییەکیان بە پارتییەوە نییە دەستگیر دەکرێن و چەندین ساڵ لە زینداندا ڕایاندەگرن، بەڵام سیخوڕێک، کە دەستی بە خوێنی گەریلا سوورە و شوێنی گەریلاکان بە دەوڵەتی تورک ڕادەگەیەنێت، کاتێک دەستگیر دەکرێت، پارتی بە خێرایی داوای ئازادکردنی دەکات .

کەجەکە ڕاشیگەیاندوە دەبێت پارتی دەست لەو هەڵوێست و کارانەى هەڵبگرێت و هیچ سیاسەتمەدار و شۆڕشگێڕێکی کورد رادەستی دەوڵەتی تورکیا نەکاتەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە لەچەند رۆژی ڕابردوو عومەر بارتان کە خەڵکی باکوری کوردستانە کەسوکارەکەی ڕایانگەیاند لەهەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی تورکیا کراوەتەوە.